دوو تریلیۆن دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران تەرخان دەکرێ

دوو تریلیۆن دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران تەرخان دەکرێ
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندی بۆ تەرخانکردنى بڕى دوو ترلیۆن دیناری شایستە داراییەکانى جووتیارانی داوە، بەرپرسێکی سایلۆی هەولێریش چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "وەزیرى کشتوکاڵ لەکۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ 15ی11ی2020، لەبارەى وەرزى چاندنەوە باسى لەوە کردووە کە پێویستە شایستە داراییەکانى جووتیاران خەرج بکرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە وەزیری کشتوکاڵ گوتویەتی: "رەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیران و پەرلەمانمان وەرگرتووە بۆ تەرخانکردنى بڕى دوو ترلیۆن دینار وەک شایستە داراییەکانى جووتیاران".

وەزیرى کشتوکاڵ باسى لەوەشکردووە، لەچەند رۆژى داهاتوودا پارەکە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.

لەمبارەیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند: "چاوەڕوانی ناردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەکەین و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر هێڵین، تەنها دوو قۆناغ پارە هاتووە چاوەڕێین ئەوەی ماوە بنێردرێ".

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها 20%ی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جووتیارانی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراق خەرجکراوە، گوتیشی: "ئەو دوو تریلیۆن دینارەی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی دەکات پارەیەکی باشه و دەکرێ جووتیاران شایستەی خۆیان وەربگرن".











باسنيوز



Top