وێڕای پێنەدانی شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان قەرزەكانی عێراق لە هەڵكشاندایە

وێڕای پێنەدانی شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان قەرزەكانی عێراق لە هەڵكشاندایە
بە هۆی زۆری و كەڵەكەبوونی قەرزەکانی سەر عێراقەوە، ئابووریناسان پێیانوایە ئەو وڵاتە لە "لێواری مایەپووچبووندایە"، ئاماژە بەوەش دەكەن کە ئەو پارەیەی لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەغدا بۆ هەولێری ناردووە زۆر کەمتربووە لەو شایستە داراییانەی کە دەبوو بیناردایە.

د.ئاراس قادر خۆشناو، مامۆستای زانكۆ و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری زانیاری و لێكۆڵنه‌وه‌ی ستراتیژیی كوردستان رای گەیاند، ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بەغدا بۆ هەولێری ناردووە، مافی خەڵکی کوردستانە و خێرپێكردن نەبووە، "لە ساڵی 2014ـەوە دەبوو بەغدا زیاتر لە 80 ملیار دۆلاری وەکوو شایستەی دارایی و مافی خەڵکی کوردستان و مووچە خۆران بناردایە، بەڵام لەو ساڵەوە تا ئێستا 12 ملیاری دۆلاری ناردووە، واتە نزیكەی 70 ملیاری نەناردووە، کە ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش تووشی قەرز بێ".

ئەو ئابووریناسە، ڕاشیگەیاند، لە دۆخی ئێستا کە بەغدا بەتەواوی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، پێویستە هەرێمی کوردستان بەپەلە هەندێ ڕێوشوێنی دارایی و چاکسازی بگرێتە بەر، کە بتوانێ بەشێوەیەک داهات زیاد بکات و خەرجییەکان کەمبکاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 15/11/2020، عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكرای كردووە كە كۆی گشتی قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق لە 160 ملیار دۆلار تێپەڕیوە و زۆربەشی قەرزی دەرەكین. د.ئاراس خۆشناو پێیوابوو، ئەو قەرزە بۆ وڵاتێکی وەکوو عێراق یەکجار زۆرە و نزیکی کردووەتەوە لە لێواری مایەپووچبوون.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكراشی كردووە، كە ئەگەر حكوومەتی عێراق لە قەرزكردنی ناوخۆیی و دەرەكی بەردەوام بێ، سەردەكێشێ بۆ ئەوەی عێراق بە تەواوی مایەپووچ بێ.













باسنيوز


Top