زانیاری لەبارەی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە دەخرێتە روو

زانیاری لەبارەی دابەشکردنی خۆراکی مانگانە دەخرێتە روو
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بارەی دابەشکردنی چەند ماددەیەکی خۆراکی مانگانە چەند زانیارییەک دەخاتە روو.

محەمەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "وەزیری بازرگانی سەرۆكایەتی دوو كۆبوونەوەی لیژنەی گرێبەستە ناوەندییەكان و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ یەكێك لە دامەزراوە نیشتمانییەكان كردووە بۆ كڕینی زیاتر لە 36 هەزار تەن لە ماددەی زەیتی بەشە خۆراكی مانگانە".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی جەختیشی کردۆتەوە، لە سبەینێوە لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دەست بە دابەشكردنی زەیت دەکرێ.

حەنوون ئاشکراشیکردووە، كە ڕێككەوتن كراوە بۆ كڕینی 40 هەزار تەن شەكر بۆ تەواوكاری بەشەخۆراكی مانگی چوار، چونكە چەند مانگێكە بەهۆی ئەوەی پارە نەبووە دابەش نەکراوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، كە بەهۆی ئەوەی بە كۆی گشتی گرێبەستی كڕینی 80 هەزار تەن شەكر كراوە، بۆیە دەست بە دابەشكردنی بەسەر سەرجەم پارێزگاكان كراوە.

هەروەها ڕاشیگەیاند، لە هەمان كاتدا بەردەوامن لە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانە بۆ مانگی نۆ لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی ناو كۆبۆنی مانگانە.

گوتیشی: "سبەی‌ یەكشەممە دەست دەكەین بە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگی نۆی ئەمساڵ و بۆ مانگەكانی دیكەش دابەشكردنی ئارد بەردەوام دەبێت".










باسنیوز


Top