لە ناحیەی قەیرەوان ناکۆکی کەوتووەتە نێوان حەشدی عەشایرییەوە

لە ناحیەی قەیرەوان ناکۆکی کەوتووەتە نێوان حەشدی عەشایرییەوە


بەڕێوەبەری ناحیەی قەیرەوانی سەر بە قەزای شنگال ئاشکرای کرد هێزی حەشدی عەشایری کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ پێکهاتەکانی دەڤەری قەیرەوان پێک هێندراوە، ئێستا شەڕ و ناکۆکی لە نێوان ساز بووە و بوونەتە مەترسیی سەر ناوچەکە.

لەمبارەوە عەبدولحەمید قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی قەیرەوانی سەر بە قەزای شنگال ڕاگەیاند: "حەشدی عەشایری کە بۆ پێکهاتەکانی ئێزدی و عەرەبی پێک هێنراوە، ئێمە بە هەنگاوێکی باشی نابینین، چونکە هەر هۆزێکی دەڤەرەکە چەکدار بکرێت، یان چەک لە هۆزێکی دیکە بسەندرێت، دەبێتە هۆی کیشە و ئاڵۆزی و ئێستاش حەشدی عەشایری بۆ پێکهاتەی سنوورەکە ساز کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی کێشە و ناکۆکی لە نێوان خۆیان".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لەلایەک عەرەبی سوننە بوونەتە حەشدی عەشایری و سەر بە حەشدی شەعبین، هاوکات حەشدی عەشایریی ئێزدیان کە ئەوانیش چەندین هێزن و ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان ئەوان و حەشدی عەشایریدا هەیە و ئەمەش بووەتە هۆی کیشەیەکی گەورە لە دەڤەری قەیرەوان".

بەریوەبەری ناحیەی قەیرەوان گوتیشی: "هەتا ئێستا ٨٠٪ی عەرەبەکانی ئەو سنوورە گەڕاونەتەوە، بەڵام هاووڵاتیانی کورد هەتا ئێستا ٥٠٪یان گەڕاونەتەوە قەیرەوان و هاوکات عەرەبەکان ناچنە شوێنی ئیزدییەکان و ئێزدییەکانیش ناچنە سنوووری ژیانی عەرەبەکان و باوەڕیان بە یەکتر نییە و ترس لەناو پێکهاتەکانی سنوورەکە دروست بووە و ئێستاش ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایری دایە".

عەبدولحەمید قاسم ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال، باشترین هەنگاوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی سنوورەکە و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە شنگال، چونکە شنگال و ناحیە و ناوچەکانی بەبێ بوونی پێشمەرگەی کوردستان وەک جاران ئارامی تێیدا جێگیر نابێت".




باسنيوز
Top