لە هێرشێکی داعشدا لە باشووری کەرکووک شەش پۆلیسی عێراقی کوژران و بریندار بوون
درەنگانی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای حەویجە هێرشیان كردووەتە سەر پۆلیسی فیدرالیی عێراق و بەو هۆیەوە دوو پۆلیس كوژران و چواری دیکەش بریندار بوون.
ئەحمەد خورشید، ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی شارەوانیی حەویجە، ئەمڕۆ شەممە 14/11/2020 بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە گوندی "حەمدانیە"ی سەر بە ناحیەی "ڕیاز" لە سنووری قەزای حەویجە لە باشووری کەرکووک هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرالیی عێراق و لەلایەن پۆلیسەوە بەرپەرچی هێرشەكەیان درایەوە."
گوتیشی: "لە ئاكامی ئەو هێرشە دوو پۆلیسی فیدرالی كوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون."
راشی گەیاند: "پاش ئەو هێرشە تیرۆریستانی داعش هەڵاتوون و ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە."
باسنيوز