دەوڵەتی یاسا: چارەنوسی چوار ملیۆن کارتی دەنگدان نادیارە
یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان هیچ چارەسەرێکی بۆ کارتی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری دانەناوە
بەهائەدین نوری، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان هیچ چارەسەرێکی بۆ کارتی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری دانەناوە و ئەوەش وادەکات بەر لەهەڵبژاردنەکان "پرۆسەیەکی سیاسی ساختەکار" دروستببێت.
چوار ملیۆن کارتی دەنگدان چارەنوسیان نادیارە
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا چوار ملیۆن کارتی دەنگدان چارەنوسیان نادیارە و "ئەگەری ئەوە هەیە لەنێوان هێزە سیاسییەکان یان لەنێوان ئەوانەی کارتەکانیان کۆنتڕۆڵیانکردوە دابەشکرابێت".
31ی تەموزی ئەمساڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکرد، تا ئێستاش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر شێوازی یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان نەدراوە.
سیستەمێک کە دادپەروەر و گونجاو بێت بۆ عێراق دابڕێژرێت
هاوکات 68 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزای هەڵبژاردن لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیان کردوە و وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە باس لەوە دەکەن، لەئێستادا کە دۆخی وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بەپێویستی دەزانن سیستەمێک کە دادپەروەر و گونجاو بێت بۆ عێراق دابڕێژرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەپێویستی دەزانن هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو پاک و بێگەرد و دور لەدەستوەردان بێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا دەکەن گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ فرەبازنەیی و هەڵوەشاندنەوەی لیستی حزبی، بەشێوەیەکی ورد توێژینەوەی لەسەر بکرێت و چونکە خودی سیستەمە تازەکەش ژمارەیە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە.
خەندان