پەرلەمانی عێراق هەرێمی کوردستان لە پشکی قەرز بێبەش دەکات

پەرلەمانی عێراق هەرێمی کوردستان لە پشکی قەرز بێبەش دەکات
کاژێر 05:40 خوولەکەی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق چوونە دەرەوە، بەڵام بێکاریگەر بوو، زۆرینەی شیعە و سوننە رێککەوتن و دواجار هەرێمی کوردستانیان بێبەشکرد لە بودجە و مووچە، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە پابەندبێت بە رادەستکردنی نەوت و داهاتەکانی دیکەی.

بەپێی یاساکە، ھیچ پشکێک بۆ ھەرێمی کوردستان دیارینەکراوە و ھیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر ھەرێمی کوردستان دانەنراوە و کۆمپانیای سۆمۆ ھەڵدەستێت بە دیاریکردنی.

جەواد موسەوی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی سائیروون دەڵێت "یاسای قەرزمان پەسندکرد و ھەرێمی کوردستانیش دەگەڕێتەوە بە مەرجی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە رادەستکردنی داھات و نەوت بە حکومەتی ناوەندی، بەڵام بینیمان حیزبە کوردستانییەکان ناڕازین و تێبینییان ھەیە بە راشکاوی، ئەم رەخنە و تێبینیانە ھیچ پاساوێکیان نییە، ئەسڵەن ئەو مەرجانەی کە دانراون لە ساڵانی پێشووش بڕیاری لەسەر دراوە لە چوارچێوەی بودجەی 2019ش بە ھەمان شێوە، بۆیە تێبینی و رەخنەکان پاساوێکیان نییە".

ھەرچەندە پێشتر رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا وابوو کە بۆ ماوەی سێ مانگ 320 ملیار دینار بنێرن و تاوەکو ئێستاش دوو جار ناردوویانە، بەڵام بە گوتەی ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی، ئیدی 320 ملیارەکەش راگیرا بۆ رێککەوتن و پرسی رادەستکردنی چۆنێتیی نەوت و داھات، بڕیارە شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بێنەوە بەغدا.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ئەو بڕگەیەی کە ئێستاش دەنگی لەسەر درا، دەرفەتی گفتوگۆی تێدا ھەیە، دەرفەتی ئەوەی ھەیە لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق بکرێت، بەتایبەتی حکومەتی عێراقی نیەتی ئەوەی نییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان تێکبدات، ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامین لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەت تاوەکو بتوانین ئەم دوو مانگەی ماوە 320 ملیار دینارەکە بگاتە ھەرێمی کوردستان".

بەپێی یاساکە، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە نێوخۆ و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی 20%ی ئەو پارەیە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بێت، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت چاوەڕێی رێککەوتنی نوێ بێت تاوەکو شایستە داراییەکانی پێبدرێت.
rudaw -
Top