ئەمساڵ لە عێراق 375 کەس خۆیان کوشتووە
لە ڕاگەیەندراوێكدا فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، ئاشکرای کردووە ژمارەی ئەو كەسانەی لە سەرتاسەری عێراق لە 10مانگی ساڵی 2020دا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، 375 كەس بوونە.
بەپێی ئامارەکە لەو ژمارەیە، 168 كەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون، هاوکات 153 كەسیشیان لە ڕەگەزی مێ و حەوت كەسی دیكەیان میرمنداڵ بوون.
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، زۆرترین حاڵەتی خۆكوشتن لە پارێزگای بەغدا تۆمار كراوە كە 68 حاڵەت بووە، پارێزگای بەسڕەش بە 47 حاڵەتی خۆكوشتن لە ڕیزبەندیدا پلەی دووەمی هەیە.
غەراوی ئاشکرای کردووە: "خۆهەڵواسین، بەكارهێنانی چەك، خۆ خنكاندن، بەكارهێنانی ژەهر و خۆسووتاندن دیارترین ڕێگاكانی خۆكوشتن بوون".
لەبارەی هۆكارەكانی خۆكوشتن لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەو هۆكارانەی پاڵنەر بوون بۆ خۆكوشتن زۆربەیان حاڵەتی دەروونی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە زۆربەشیان لەنێو خێزانە هەژارەكان ڕوویانداوە".
باسنيوز