پەیمانگەیەكی ئەمریكی پێشبینی "داڕووخانی دارایی" عێراق دەكا
پەیمانگەی كارینگی بۆ ئاشتی، پێشبینی دەكا لە ساڵی 2021ـدا عێراق تووشی داڕووخانی دارایی بێ، بە تایبەتی كە لە حوزەیرانی رابردووەوە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا، وڵاتەكە تووشی قەیرانی سەخت بووە.
پەیمانگەی كارینگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، كە ئۆفیسی سەرەكیی لە ئەمریكایە، ئاشكرای كردووە عێراق لە حوەزیرانی رابردووەوە بە دەست كێشە و تەنگژەی داراییەوە دەناڵێنێ، ئەوەش بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و بەردەوامیی ركەبەری و ململانێ لەسەر نرخی نەوت لە نێوان سعوودییە و ڕووسیادا.
ئاشكراش كراوە، كە لەگەڵ دابەزینی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتەكەی، دەستكەوت و داهاتی مانگانەی عێراق بۆ 50% كەم بووەتەوە.
لە راپۆرتێكی ئەو پەیمانگەیەدا هاتووە، كە ئەو كێشە داراییە "لە ماوەی كورتدا" وا دەكا بەغدا بە ئەستەمییەكی زۆر بتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدا و دەبێ بۆ ئەو مەبەستە قەرز بكا، وەك لە رابردوو كردی.
ئاشكراش كراوە، ئەو قەیرانە "بۆ ماوەی درێژ" عێراق ڕووبەڕووی داڕووخانی دارایی گشتیی دەكاتەوە، كە ئەمە بۆ ساڵی داهاتوو 2021 پێشبینی كراوە، بە تایبەت كە كەرتی گشتی لە عێراق فراوانە و قازانج و دەستكەوت و داهاتی وڵات بەشی پێدانی مووچە و تێچووە بنەڕەتییەكان و یارمەتییە خۆراكییەكان و بەرنامەی چاودێریی كۆمەڵایەتی ناكا.
باسنيوز