ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕی قەرزەکە دەدات
محەمەد ساحب ئەلدەڕاجی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: “لە دانیشتنی رۆژی چوارشەمەی پەرلەماندا، یاسای قەرز تێدەپەڕێندرێ، دوای ئەوەی بڕی پێشنیارکراو بۆ قەرز لە 41 ترلیۆن دینارەوە کەم کرایەوە بۆ 12 ترلیۆن، ئەم بڕە پارەیەش مووچەی مووچەخۆران تا کۆتایی ئەمساڵ دابین دەکات”. گوتیشی: “داڕمانی ئابووری دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوی پرۆسەی سیاسی”.
دەڕاجی گوتیشی: “ئەوانەی دەیانەوێ حکوومەت لە تەنگژەی ئابووریدا بگلێنن هیچ تێناگەن، چونکە ئەمە خۆکوشتنی سیاسییە". روونیشی کردەوە: "بۆ مووچە پێویستمان بە 3.03 ترلیۆن دینارە، لەناویدا 800 ملیۆن دیناری مووچەی چاودێری".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەران، حکوومەتی عێراق پێویستی بە 25 ترلیۆن دینارە”. روونیشی کردەوە: “داهاتی وڵات دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار، جگە لە هەندێک داهاتی دیکە، پەرلەمانیش دەنگ لەسەر قەرزکردنی 12 ترلیۆن دینار دەدات”.
دەشڵێ: “کەس رازی نییە قەرز بە عێراق بدات، تەنیا دوو رێگەش لەبەردەم بانکی ناوەندیدا هەن بۆ قەرزکردن، یان راکێشانی یەدەگی نەقدی، یان چاپکردنی دراو”. ئەو ئەندامی لیژنەی داراییە دەشڵێت: “من باوەڕم بە قەرکردن نییە، چونکە دەرهاوێشتە ئابوورییەکانی زۆر گەورەن”.
دەڕاجی داواشی کرد: “بەپێی میکانیزمێکی تۆکمە و بەگوێرەی پلانێکی چاکسازیی ئابووری نرخی دۆلار زیاد بکرێت، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە چینی هەژار و ئەوانەی مووچەیان نییە، لە رێی بەگەڕخستنی بازاڕەوە”. نەیشی شاردەوە: “وەزارەتی دارایی رۆڵێکی باشی ئابووریی شایان بەم قۆناغەی پێکەش نەکردووە”.
دووپاتیشی کردەوە: “سیستەمی سیاسی لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا سەرکەوتوو نەبووە، داوای گۆڕینی دیموکراسییانەی سیستەمی سیاسی دەکەین”. ئاشکراشی کرد: “ 7 ملیۆن کەس لە عێراق بەهۆی دامەزراندنی حزبیی بەر لە هەڵبژاردنەکان، مووچە وەردەگرن، ئەمەش وای کردووە ژمارەی فەرمانبەران زیاد بێت”.
سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنیشەوە، دەڕاجی گوتی: “بەپێی پێوەرە حزبە سیاسییەکان داڕێژراوە و وەک نەخشەکەی سایکس بیکۆ دابەش دەکرێ، بۆ ئەوەی مانەوەی کوتلە گەورەکان مسۆگەر بکات”.
باسنيوز