کازمی لە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سوننەکان سەرکەوتوو نەبوو
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەوڵەکانیدا بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سوننەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و راگرتنی جولەکانیان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرکەوتوو نەبووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کازمی بۆ (ئەلموستەقلە) گوتوویەتی: "دانیشتنەکە بۆ ئەوە بووە، گرووپی حەلبووسی لەلایەک و (جەبهەی عێراقی) لەلایەکی دیکە، بەتایبەتی ئەحمەد ئەلجبووری (ئەبو مازن) و ئوسامە نوجێفی، کۆ بکاتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کازمی میواندارییەکی ساز کردووە و لایەنە ناکۆکەکان و هەندێک لە کەسایەتییەکانی داوەتی نانخواردنەکە کردووە، بەڵام شاندی بەرەی عێراقی لە وادەی خۆیان دوا کەوتوون و دواتر پەیوەندییان بە کازمییەوە کردووە و داوای لێبوردنیان لێ کردووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەمەش هەوڵی کازمی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان هەرەس پێ هێناوە و میاندارییەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی پێ هاتووە.
سەرکردەکانی بەرەی عێراقی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی 110 واژووی ئەندامانی پەرلەمان، بۆ ئەوەی لە رێی دەنگدانەوە لە پەرلەمان داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی پێ بکەن، کە تۆمەتباری دەکەن بەوەی بەناوی پێکهاتەی سوننە دەستی بەسەر بڕیارەکاندا گرتووە و لە ئیدارەدانی پەرلەمانیشدا سەرکەوتوو نەبووە.
بەرەی عێراقی لەم لایەنە سیاسییە سوننانە پێکهاتووە (مەشرووعی عەرەبی، جەماهیری وەتەنییە، جەبهەی ئینقاز و تەنمییە، حزبی ئیسلامی، کوتلەی عێراقییەی موستەقلە و چەند ئەندام پەرلەمانێکی دیکەی بێ لایەن).
باسنيوز