فاو.. ئەو بەندەرەی عێراق کە ناوی لە کتێبی گینسدایە و بەربەست بۆ تەواوکردنی دروستدەکرێت

فاو.. ئەو بەندەرەی عێراق کە ناوی لە کتێبی گینسدایە و بەربەست بۆ تەواوکردنی دروستدەکرێت
جەنگی بەندەرەکان، ئەو جەنگە نوێیەی بەرۆکی عێراقی گرتووە. بەندەری گەورەی فاو، پرۆژەیەک کە ئەوانەی دژی تەواوکردنین وڵاتانی دەستڕۆیشتووی ناوچەکەن و ئەستەمە رێگە بە عێراق بدەن بگاتە ئامانج.

لەدوای دۆزینەوەی تەرمی پارک شل هوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دایۆی کۆری، رێگە بە ھیچ ھاتن و چوونێک بۆ نێو بەندەرەکە نادرێت، ھێزە ئەمنییەکان ھێشتا نەگەیشتوونەتە ھیچ سەرەداوێک، رووداوەکەش لەنێوان کوژران و خۆکوشتندا ماوەتەوە.

بەندەری گەورەی فاو ئەو پرۆژەیەی کە بڕیارە ساڵی 2024 تەواوبکرێت، بە دەستبەکاربوونی نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیھان دەگۆڕێت و ساڵانە ملیۆنان دۆلار دەخاتە خەزێنەی حکومەتی عێراق.

وڵاتانی کوێت، ئیمارات، میسر و ئێران تۆمەتباردەکرێن بە کۆسپ خستنە بەردەم تەواوکردنی پرۆژەکە، بەرپرسانی عێراق وای دەبینن ئەو وڵاتانە ھەرچییەکیان لەدەستبێت دەیکەن تەنیا بۆئەوەی پرۆژەی بەندەری فاو تەواو نەکرێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانیان نەگات کە دەبێتە جێگرەوەی بەندەر و ئاڵوگۆڕی گەورەی بازرگانییان.

ھەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری بەسەرە رایانگەیاندووە، بەڕێوەبەرەکەی دایۆ خۆی کوشتووە، بەڵام ئەو بەرپرسانەی نزیکترن لە بەندەرەکە، گومانیان ھەیە، بەوپێیەی وڵاتانی کوێت و ئێران و میسر نایانەوێت پرۆژەکە بگاتە ئەنجام.

وەلید محەممەد شەریفی، قائیمقامی قەزای فاو دەڵێت "ململانێ و ناکۆکی ھەیە، بەو پێیەی گەر بەندەری گەورەی فاو تەواوبکرێت کاری بەندەرەکانی بەشێک لە وڵاتانە لاوازدەکات، لەوانە بەندەرەکانی وڵاتانی کوێت و ئیمارات و نۆکەندی سوێس، ھەموو ئەو وڵاتانە ھەست بە مەترسی دەکەن لە بەرامبەر تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە، ھەروەھا گوشار دەخەنە سەر بەرپرسانی عێراقی تاوەکو رێگە لە تەواوکردنی بگیرێت یانیش کارەکانی تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە دوابکەوێت".

بەپێی زانیارییەکان، ئاسەواری برین بە دەستی بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکەوە ھەبووە و راپۆرتی دادی پزیشکیش بە ھەمان شێوە ئاسەواری برینی لەسەر دەستی تەرمەکەی سەلماندووە، بۆیە وا لێکدەدرێتەوە کە کوشتنی بەدوور نازانرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە عێراقەوە دەنگی ناڕەزایەتیی تووندی وڵاتانی کوێت و ئێران و میسر و ئیمارات ئاشکرا کرا.

توانای بەندەری فاو بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرەستەی ساڵانە، دوای تەواوکردنی بەندەرەکە، عێراق مانگانە 15 ملیار دۆلاری لەو بەندەرە دەستدەکەوێت.

بۆ باشترکردنی دۆخی گواستنەوە و چالاکترکردنی بەندەرەکەش، بڕیارە لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاودا، هێڵێکی شەمەندەفەر دروستبکرێت کە ناوچەی کەنداو لەڕێگەی خاکی عێراقەوە بە باکووری ئەوروپا دەبەستێتەوە لەڕێگەی تورکیاوە، ئەمەش بایەخێکی دیکەی ستراتیژی بە پرۆژە بازرگانییە جیهانییەکە دەدات.

بەشێکی دیکەی پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆگاکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە، لەگەڵ بەرزکەرەوە گەورەکانی ناو بەندەرەکان، ھەروەھا شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە و دروستکردنی رێگەی نێودەوڵەتی و دروستکردنی چەندین کارگە و سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.

بەپێی بەدواداچوونی شارەزایانی ئابووریی بەندەری فاو، لە حاڵەتی تەواوبوون و کارکردنی ئاسایی خۆیدا، ساڵانە 25 تاوەکو 35 ملیار دۆلار دەهێنێتە خەزێنەی عێراقەوە، ئەمە جیا لە داهاتی کارەکانی دیکەی پەیوەست بە بەندەرەکەوە، لە شێوەی گواستنەوە، فڕۆکەوانی، فڕۆکەخانەکان، شەمەندەفەر و سووتەمەنی.

ساڵح ھاشمی، شارەزای ئابووری دەڵێت "پرۆژەی بەنداوی فاو، ئەگەر تەواوبکرێت پرۆژەیەکی زیندوو و ستراتیژی دەبێت، یارمەتیی عێراق دەدات بە شێوەیەکی زۆر گەورە. عێراق بەتەواوی بە جیھان دەبەستێتەوە و چەندین دەرگای ئابووری دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی ھەلی کار دروستدەکات، وەبەرھێنانی ناوخۆ و دەرەوە زیاد دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم مینایە لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەدات، بۆیە زۆرێک لە وڵاتان کار بۆ وەستانی دەکەن و وەکو دەبینن پرۆژەکەش وەستێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق وڵاتێکی لاوازە لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە، بۆیە ئەستەمە کۆنترۆڵیان بکات، دوو وڵات بە شێوەیەکی گەورە لە بەرژەوەندییەکانیان دەدرێت لەوانە ئیمارات و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە لەگەڵ سەرکەوتوویی پرۆژەکە نین، ھەروەھا کوێتیش، چونکە کاریگەریی زۆر دەبێت لەسەر مینای موبارەکی ئەو وڵاتە".

بە دووبارە وەستاندنی کارکردن لە بەنداوی فاو، ئەو گومانانەی ھەبوون لەسەر رێگریکردن لە تەواوکردنی، تۆختربوونەوە، نوێنەرانی پارێزگای بەسرە سەریان سووڕماوە لە بڕیارێکی لەناکاوی لەو شێوەیە، بەجۆرێک کار گەیشتووەتە ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا کۆرییەکە ھەڵبوەشێننەوە.

جەمال محەممەداوی، نوێنەری پارێزگای بەسرە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "پێشتر لێکتێگەیشتنی باش ھەبوو لەنێوان وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیای دایۆ دوای مردن یان خۆکوشتنی بەڕێوەبەرەکەی پاشان بەڕێوەبەرێکی نوێ کارەکانی گرتەدەست، بەڵام سەرمان سووڕما کاتێک ڤیدیۆیەکی وەزیری گواستنەوەمان بینی باسی ئەوەی کرد کە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا کۆرییەکە کۆتاییھاتووە، بۆیە میوانداریی وەزیری گواستنەوەمان کرد بۆ چاودێریکردنی ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و کۆمپانیای گشتیی میناکانی عێراق لەپێناو پەلەکردنی حکومەت بۆ تەواوکردنی کاروبارەکانی میناکە".

بەسراییەکان کە نەوتی شارەکەیان شادەماری ئابووریی عێراقە، بەڵام گەندەڵی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشی کردوون، ئێستا بە گەشبینییەوە لە پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو دەڕوانن کە بە تەواوبوونی بڕیارە زیاتر لە حەفتا ھەزار کەس کاری تێدا بکات، بەڵام ھێشتاش گومانیان ھەیە وڵاتانی کوێت و ئێران رێگە بە سەرگرتنی بدەن.

ئەبو کەڕاڕ شۆفێری تەکسییە و دەڵێت "گەر بەندەری فاو تەواوبکرێت، ھەموو عێراق لەسەری دەژێت نەک بەس خەڵکی فاو، ئەو پرۆژەیە خێری بۆ ھەمووانە، ھیواخوازین تەواوبکرێت، پشتیوان بە خوا بەردەوام دەبێت و تەواودەکرێت".

ئەحمەد عەلی دووکاندارە و ئاماژە بەوە دەکات "گەر ئەوان بۆچوونیان وا خراپ بێت، ئەوا رێگە نادەن پرۆژەکە تەواوبکرێت، چونکە ئەوان نایانەوێت پرۆژەکە سەربگرێت، لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندییان دەدرێت، بۆیە نایانەوێت بەندەری فاو تەواوبکرێت، بەڵام پشتیوان بە خوا تەواودەکرێت".

تێچووی پرۆژەی بەندەری فاو نزیکەی 4.6 ملیار یۆرۆیە. درێژیی شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو زیاتر لە 16 کیلۆمەترە و درێژترینی سەر ئاستی جیهانە، ھەربۆیە ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە.

بەپێی دیزاینەکەی، بەندەری گەورەی فاو یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکانی سەر ئاستی جیهان، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بە رێگەی عێراقدا دەگەیێنێتە جیهان و بە پێچەوانەشەوە، ھەربۆیە دەگوترێت کەس سوود لە پرۆژەی 'فاوی گەورە' نابینێت، عێراق نەبێت، کەسیش زیان لە پرۆژەکە ناکات کوێت و ئێران و میسر و ئیمارات نەبێت، بۆیە بەتایبەتی ئێران و کوێت ھەرچۆنێک بێت دەیانەوێت پرۆژەکە بۆ پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن بگۆڕن، ئەمەش عێراق لە پەراوێزدا دەهێڵێتەوە.
rudaw -
Top