راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: بۆمبێکی چێندراو لە کەرکووک تەقییەوە و کوژراو و بریندار هەن
بەپێی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، بۆمبەکە حەشدی شەعبی لە کەرکووک کردووەتە ئامانج و "دوو چەکداری حەشدی شەعبی لە تەقینەوەکەدا کوژراون".
بەهۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبە چێندراوە، وەکو شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت "شەش چەکداری حەشدی شەعبی لە بریندارن".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەقینەوەکە لە گوندی پەڵکانە روویداوە و لیوای 52ی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، شەوی رابردووش لە رۆژئاوای بەغدای پایتەختی عێراق بەهۆی هێرشێکی "تیرۆریستی"یەوە 11 کەس کوژراون.
لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە هێرشەکانی چەکدارانی داعش زیادیانکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان کەرکووک، سەلاحەدین و دیالەدا.
ساڵی 2017، عێراق سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی داعشدا راگەیاند، بەڵام هێشتا شانە نووستووەکانی داعش لە چەندین شوێنی عێراق ناوبەناو هێرش ئەنجامدەدەن.
rudaw -