حكوومەتی عێراق بۆ دابەشكردنی مووچە چاوی لە دەستی پەرلەمانتارانە
ئەحمەد مولا تەڵاڵ گوتەبێژ بە ناوی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق دووپاتی كردەوە كە بۆ دابەشكردنی مووچە، حكوومەت هێشتا چاوی لە دەستی پەرلەمانتارانە، تا پرۆژەیاسای قەرزكردنی پارە پەسەند بكەن.
ئەمەش لە كاتێكدایە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دوای كۆبوونەوەی دوێنێ یەكشەممەدا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو كە ئەو بڕە پارەیەی حكوومەت داوای كردووە قەرزی بكەن، زۆرە و نایانەوێ بەم شێوەیە پەسەندی بكەن، بەڵكو پێداچوونەوەی بۆ دەكەن و تەنها بڕێكی دیاریكراو پەسەند دەكەن، كە بەشی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەران و پێداویستیە گرنگەكانی دەوڵەت بكات.
تەڵاڵ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی كردەوە كە دۆخێكی ئەرێنی لە دوا كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیران و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هیوادارن پەرلەمان رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاساكەی حكوومەت بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەن.
باسنيوز