کازمی پڕۆژەی قەرز لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەماندا تاوتوێ دەکات
لیژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە
لەوبارەیەوە رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەی قەرز و هەروەها پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، لیژنەی دارایی بڕیاریداوە ژمارەیەک کۆبونەوەی "گرنگ" لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، وەزیری پلاندانان، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەنجام بدات.
کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرۆژە یاسای قەرز و چاکسازی
لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند،"ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە و کۆبونەوەکەش تایبەتە بە پرۆژە یاسای قەرز، پرسی چاكسازی و هەمو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە موچەی و دارایی عێراقەوە.
عێراق پاشەكشەی لە وەرگرتنی 41 ترلیۆن دینار قەرزی دەرەكی كردوە
ئاشكراشیكرد،"لەئێستادا حكومەتی عێراق پاشەكشەی لە وەرگرتنی 41 ترلیۆن دینار قەرزی دەرەكی كردوە بۆ 31 ترلیۆن دینار، بەڵام ئێمە وتومانە كە دەبێت 12 ترلیۆن دینار قەرزبكرێت، پێدەچێت تا 15 ترلیۆن دینار پەرلەمانتاران رازی بن، ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر گەیشتنە رێككەوتن لەسەر بڕی ئەو قەرزە دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانرێـت بەزویی پرۆژە یاسای قەرزی دەرەكی پەسەندبكرێت".
خەندان