داعش ١١ كەسی لە نزیك بەغدا كوشت

داعش ١١ كەسی لە نزیك بەغدا كوشت


چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان كردە سەر پێگەیەكی سەربازی لە ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختی عێراق و (١١) كەسیان كوشت.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، شەوی یەكشەممە چەكدارانی داعش هێرشیان كردۆتە سەر بنكەیەكی سەربازیی لە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری بەغدا و پێكدادان دروست بووە و لە ئەنجامدا (١١) كەس كوژراون كە كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانیان لە نێو دایە.

باس لەوە دەكرێت كە سەرەتا چەكدارانی داعش هێرشیان كردۆتە سەر تاوەرێكی چاودێری و پێنج چەكداری حەشدی عەشایەرییان كوشتووە، دواتریش شەش كەس لە ناوچەكە كە بە مەبەستی هاوكاریكردنی حەشدی عەشایەری بۆ ڕێگریكردن لە هێرشەكە چوونەتە نزیك تاوەكە، لە لایەن داعشەوە كوژراون، هەشت كەسی دیكەش بریندارن و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەكی بەغدا.

سەرچاوەكان دەڵێن هێرشەكەی داعش بە تەقاندنی بۆمبی دەستی بۆ سەر تاوەرەكە دەستی پێكردووە.

هەرچەندە زیاتر لە سێ ساڵە حكوومەتی عێراق (لە سەردەمی حەیدەر عەبادی) سەركەوتنی بەسەر داعش راگەیاندووە، بەڵام هێشتا ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە لە هێرش و كردەوە چەكدارییەكانی بەغداوە و تەنانەت لە دەوروبەری بەغدای پایتەختی عێراقیش دەست ناپارێزێت.




باسنيوز
Top