مستەفا کازمی: دەبێت دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخرێن
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دەبێت دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان دابخرێن و "لێپرسینەوە لەگەڵ کارمەندە گەندەڵەکان" بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کاری دەروازە سنوورییەکان کرد.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە لە گرنگیی داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان، کە ئەمە کاریگەریی ئەرێنیی کردووەتە سەر دۆخی ئابووریی نیشتمانی و پاراستنی بەرهەمی خۆجێیی.
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە تاقیگە دابنرێت بۆ پشکنینی کاڵا هاوردەکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی دەزگای ناوەندی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆریدا، هەروەها گرنگە هاوئاهەنگیی هاوبەش هەبێت لەنێوان فەرمانگەکان لە دەروازە سنوورییەکان، بە چاکی بەڕێوەبردن، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی رەنگدانەوەی هەبێت بۆ بەدیهێنانی داهات، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە بودجەی فیدراڵی و نەهێشتنی قاچاخچێتی و ساختەکاری و بەهەدەردانی دارایی گشتی.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی بە گرنگ زانی و داوادەکات، لێپرسینەوەش لەگەڵ کارمەندانی گەندەڵ بکرێت و رێکاری یاسایی گونجاو لە بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
rudaw -