لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەبارەی ماددەی ١٤٠ بەڕێوە چوو

لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەبارەی ماددەی ١٤٠ بەڕێوە چوو
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ یەكشەممە ٨ی ١١ی ٢٠٢٠، كۆبوونەوەی لێژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بەڕێوە چووە و كوردیش لەبارەی ماددەی ١٤٠ەوە داواكارییەكی پێشكەش كردووە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ لێژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور دوا كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كورد داوای مانەوەی ماددەكەی لە دەستوور كردووە، بەهۆی ئەو گرنگییە مرۆیی، سیاسی و كۆمەڵایەتییەی ماددەكە هەیەتی.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا جەختیان لەسەر كاركردن بە ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێز بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ماددەكە لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ و ئەنجامدانی سەرژمێری و ڕیفراندۆم لەم ناوچانەدا.

ڤیان سەبری لە لێدوانێكیشدا ئاشكرای كرد كە هەرچەندە هەندێك لە لایەنە عەرەبییە شیعییەكان پێداگریی زۆریان لەسەر لابردنی ئەم ماددەیەی دەستووری عێراق كرد، بەڵام ”سەرجەم فراكسیۆنە كوردییە بەشدارەكان لەم كۆبوونەوەیە، یەك دەنگ بووین لەسەر ئەوەی كە دەبێت ماددەی ١٤٠ لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بمێنێتەوە“.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە لێژنەكەیان بڕیاری داوە، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بە ئامادەبوونی سەرجەم پێكهاتەكان، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان ئەندام بدات، لەبارەی هەمان ماددەی دەستووری عێراق.

لێژنەی هەمواری دەستووری عێراق لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ لەسەر فەرمانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێكهێندراوە و دوای تەواوبوونی كارەكانی لێژنەكە، ڕاپۆرتی كۆتایی پێشكەش بە پەرلەمان دەكات و بڕیارە دواتر هەموارەكانی دەستووری عێراق بخرێتە ڕاپرسیی گشتییەوە.

بە گوێرەی ماددە ١٤٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەر هەموارێكی دەستوور دەبێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بێت و ئەگەر دوو لەسەر سێی خەڵكی سێ پارێزگای عێراق (بە هەرێمی كوردستانیشەوە) هەموارەكەیان ڕەت كردەوە، ئەوا هەموارەكە سەركەوتوو نابێت.











باسنیوز


Top