ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەكا
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی بۆ دەنگدان لەسەر هەندێ پرۆژە یاسا دەكا و بڕیارە خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق بكات.
ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاند، كە ئەمڕۆ شەممە 7/11/2020، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە وخوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی دەكا.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە هەڵوێستی لیژنەكە لە بارەی یاسای قەرزكردن دەخەنە ڕوو. لە كاتێكدا پێشتر بەشێكی پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەو یاسایەدا نەبوون، چونكە پێیان وایووە عێراق دەخاتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە و دانەوەی ئەستەم دەبێ.
یاسای قەرزكردن لە عێراق، بە هۆی ئەوەوەیە كە بڕی پێویست بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكوومەتەوە بەردەست نییە و مووچەی فەرمانبەران بەو هۆیەوە دواكەوتووە، حكوومەتی عێراقیش دەیەوێ لە رێی قەرزكردنی دەرەكییەوە بڕی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین بكا، كە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی، تووشی قەیرانی دارایی بوون.
باسنیوز