سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هێرشی چەكدارانی پەكەكە سەركۆنە دەكات
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا هێرشەكانی چەكدارانی پەكەكەی بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەركۆنە كرد.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوەكەیدا، بە ئامانجكردنی ھێزەكانی پێشمەرگەی لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دھۆك، بە دەستدرێژیكردن بۆ سەر دەزگای ئاسایشی و سەروەری عێراق وەسف كردووە، داواش دەكات ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكرێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم كردەوانە.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئەم دەستدرێژییەی پەكەكە و بە ئامانجكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دھۆك، بە دەستدرێژیكردنە سەر دەزگای ئاسایشی و سەروەری عیراق دادەنێ، داوای لە حكوومەت كردووە ئاسایش لەو ناوچانە بچەسپێنێ و رێگا بگرێ لەبەردەم ھەر داڕمانێكی رەوشی ئاسایشی لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی ئەو ھێزە لادەر و دەرچووانە لە یاسا.
جەختیشی كردووەتەوە كە پێویستە حكوومەت رۆڵی خۆی بگێڕێ لە بەھێزكردنی دەزگا سەربازی و ئاسایشییەكانی عێراق بە ھەموو جۆرەكانیەوە و كار لەسەر ھەماھەنگی ھاوبەش بكات لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم جۆرە كردەوە و دەستدرێژیانەی چەند بارە دەبنەوە لە ناو خاكی عێراقدا، كە پێشێلكردنی سەروەری وڵاتە.
باسنیوز