هەناردەی ئوردن بۆ عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە

هەناردەی ئوردن بۆ عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە
لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بڕی هەناردەی ئوردن بۆ عێراق بە رێژەی 5% زیادیكردووە و بە بەهای 393 ملیۆن دۆلار كاڵای هەناردەی عێراق كردووە.

بەگوێرەی داتاكانی ژووری پیشەسازیی عەممان، "لە هەشت مانگی رابردوودا هەناردەی پیشەسازیی ئوردن بۆ عێراق گەیشتووەتە نزیكەی 393 ملیۆن دۆلار، كە لە هەمان كاتی ساڵی رابردوودا گەیشتبووە 373 ملیۆن دۆلار".

هەناردەی ماددە كیمیاوییەكان، بەتایبەتی پاككەرەوە تەندروستییەكان، دیارترین هەناردەی پیشەسازیی ئوردنی بووە بۆ عێراق و لە چەند مانگی رابردوودا بە بەهای 101 ملیۆن دۆلار و بە رێژەی 25.5%ی هەناردەی عێراق كراون، هەروەها بە بەهای 89 ملیۆن دۆلار و بە رێژەی 22.6% خۆراكی هەناردەی عێراق كردووە، سەرەڕای هەناردەكردنی كەلوپەلی ئەندازەیی، كارەبایی و دەرمان.

ساڵی رابردوو وەزارەتی گواستنەوەی ئوردن رایگەیاند، رۆژانە 250 بارھەڵگر كاڵای جۆراوجۆر لەنێوان عێراق و ئوردن ئاڵوگۆڕ دەكرێن، بەو جۆرەش جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات بوژاوەتەوە، پێشبینیش دەكرێت لە ماوەی داھاتوودا زیاتر ببوژێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا حكومەتی ئوردن ئاسانكاریی تایبەت بە دابینكردنی گواستنەوەی بازرگانیی لە بەندەری عەقەبەی ئوردنەوە بۆ عێراق راگەیاند.
rudaw -
Top