حزبوڵڵای عێراق هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا

حزبوڵڵای عێراق هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا
"كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا"ی عێراق هۆشداری دایه‌ ئه‌مه‌ریكا و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له‌ واده‌ی دیاریكراویان بۆ ده‌رچوون له‌ عێراق پاشه‌كشێ نه‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی هێرشێكی توند ده‌بنه‌وه‌.

گوته‌بێژی ئه‌و رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌ی عێراق، "محه‌ممه‌د محیی" له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، گوتی: "ئێمه‌ ئاگربه‌ستی مه‌رجدارمان په‌سند كردووه‌ و ئه‌و ئاگربه‌سته‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و هێزه‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ و پێویسته‌ به‌ جددی له‌به‌رچاوی بگرن. چونكه‌ هێزه‌كانی به‌ره‌نگاری یه‌ك مه‌رجیان هه‌بووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توند رووده‌دات".

روونیشیكرده‌وه‌، "ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی گرووپه‌كانی به‌ره‌نگاری عێراق" له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا، جه‌ختیانكردبوویه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌كشێنه‌وه‌، ده‌چنه‌ قۆناغێكی نوێی به‌ره‌نگارییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "بێگومان ئه‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ زۆر توند و شێلگیرانه‌ ده‌بێت و چه‌ندین جۆری نوێی چه‌كی تێدا به‌كارده‌هێنرێت".

گوته‌بێژه‌كه‌ی "حزبوڵڵای عێراق" باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان هێشتا ناتوانن مه‌زنده‌ی ئه‌و توانایه‌ بكه‌ن، كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ و پێویسته‌ وانه‌یان دابده‌ین و تێ بگه‌ن، به‌ره‌نگاری عێراقی توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وان و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی پیلانه‌كانی ئه‌وانی هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی "حزبوڵڵا" گوتی: "پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق ده‌وروپێچ نه‌دات به‌ ده‌وری سه‌روه‌ری عێراقدا و كۆنترۆڵی زه‌مین و ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی بكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی ده‌ستتێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان".
k24 -
Top