حکومەتی عێراق: پابەند دەبین بە خەرجکردنی مووچە
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بابەتی مووچە پابەندبوونێکی حکومی و یاساییە لەنێوان حکومەت و فەرمانبەر، حکومەت دووپات لە پابەندبوونی خۆی دەکاتەوە بە خەرجکردنی مووچە.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، ماوەیەکە گوێبیستی پرسیاری ئەوە دەبن "بۆچی مووچە دواکەوتووە؟" و دەڵێت "حکومەت نایەوێت لەسەر هەڵەکانی رابردوو بوەستێت، هەندێک کات ناچارە لەگەڵ گەلەکەی بدوێت لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەکانیان، ئەو هۆکارانەش شاراوە نییە، ئێوە ئاگادارن و جەماوەری عێراقیش هۆکارەکەی دەزانێت بەگشتی و فەرمانبەرانیش بەتایبەتی".
گوتەبێژەکەی کازمی ئاماژەی بەوە کرد "سیاسەتی هەڵە کراوە و نەبوونی ستراتیژییەت و نەبوونی ناسنامەیەکی ئابووری روون، ئەمە ئابوورییەکی سەیروسەمەرەی دروستکردووە، کە تەنیا و بەتەواوەتی پشت بە نەوت دەبەستێت. نرخی نەوت دابەزیوە و داهاتی مانگانەی دەوڵەت بەشی مووچە ناکات، بۆیە حکومەت پەنای بۆ قەرز بردووە تاوەکو لە رێگەی قەرزی ناوخۆییەوە، مووچەی فەرمانبەران دابینبکات، بۆیە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی رەوانەی پەرلەمان کردووە".
بە گوتەی ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، مستەفا کازمی چەند رۆژێکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان، دامەزراوەی یاسادانان و سەرۆکی پەرلەمان لەپێناو بەپەلە پەسندکردنی ئەو یاسایە، تاوەکو حکومەت پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر فەرمانبەران جێبەجێ بکات و حکومەتیش پابەندی ئەو پابەندبوونە دەبێت کاتێک ئەو یاسایە پەسندکرا.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ گوتیشی "بەپێیی زانیارییەکانمان پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی بەپەلە یاساکە پەسند بکات، پەرلەمان بەگشتی و لیژنەی دارایی تێگەیشتنیان هەیە کە حکومەت پێویستی بەو یاسایە هەیە، بەپێی زانیارییەکانمان لە دانیشتنەکانی داهاتوودا خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسند دەکرێت، بۆئەوەی دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت".
وەکو گوتەبێژەکەی ئاماژەی پێکردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە چارەسەرێکی خێرا بدۆزرێتەوە، لانیکەم بۆ خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی، بۆیە مووچەی خانەنشینی، یاخود تۆڕی کۆمەڵایەتی، "راستە فەرمانبەران پێویستیان بە مووچەیە، بەڵام ئەم چینە پێویستی و سووربوونی زیاتری لەسەرە".
رێککەوتنی شنگال و دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە گوتی "سرووشتی ئەو حکومەتە ئەوەیە، لەگەڵ ئاڵۆزترین دۆسییەکاندا بەشێوەیەکی دانایانە و ئارامەوە مامەڵە دەکات، سوورن لەسەر روونەدانی هیچ بەریەککەوتنێک، تەنانەت لەگەڵ ئەو هێزانە کە ئاماژەت بۆ کرد، کە زۆربەی وڵات و رێکخراوەکان وەکو رێکخراوێکی تیرۆیستی دەیناسێنن. بۆیە ئەو حکومەتە بەشێوەیەکی دانایانە و سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات، هێزی ئارامی و دانایی بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی شکۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت لە هەر ناوچەیەکدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراقی لەو ناوچەیەدا ئامادەن بۆ سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە، حکومەتی عێراقی، لەو بوارەدا چەند هەنگاوێکی گرتووەتەبەر".
ئەحمەدی مەلا تەڵاڵ لە درێژەی قسەکانی لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەش کرد "سەری رمەکە بۆ پاراستن، دانیشتووانی ناوچەکەن، وەکو دەزانین بەپێی رێککەوتننامە دوو هەزار و 500 کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە زیاد دەکرێت، ئەمانە دەبنە پارێزەر و سەری رمی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە، بە دڵنیایەوە ئەو رێککەوتنە پیت بە پیتی جێبەجێ دەکرێت، سەقامگیری دەگەڕێتەوە لەژێر پاراستنی هێزە ئەمنییە عێرقییەکاندا و دانیشتووانەکەی دەگەڕێنەوە ناوچەکە و ئاوەدانکردنەوەی دەستپێدەکات".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد "هێزی نێودەوڵەتی هەن زۆر گرنگی بەم ناوچەیە دەدەن، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری و پشتیوانیی عێراق، بەمەبەستی دووبارە گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی بۆ ناوچەکە، لە گەشتی ئەم دواییانەی سەرۆکوەزیراندا هەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ عێراق و ئەو رێککەوتننامە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و پێشکەشکردنی پشتیوانیی مەعنەوی و سیاسی و تەنانەت داراییش، ئەو وڵاتانە پرۆژەیان دەبێت و هاوکاری دارایی پێشکەشی ئەو ناوچانە دەکەن، بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی کە دوای هاتنی داعش ناوچەکەیان بەجێهشتووە و ئاوارەبوون".
rudaw -