عێراق 22 زیندانی رادەستی ئێران کردەوە
فاخر باوی، داواکاری گشتیی شاری خوڕەمشەهر (باشووری رۆژئاوای ئێران) رایگەیاند، لە بەدواداچوونی دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتەکانی داد و دەرەوەی ئێران و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی سزادراوانی نێوان ئێران و عێراق، ئەمڕۆ عێراق 22 زیندانیی رادەستی ئێران کردەوە.
داواکاری گشتیی شاری خوڕەمشەهر روونیکردەوە، زۆربەی ئەو زیندانییانە لەسەر بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە سزادراون، بۆیە ئەو سزایەی کە ماویانە لە ئێران تەواوی دەکەن.
لای خۆیەوە، مەحموود عەباسی، یاریدەدەری وەزیری دادی ئێران بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ و کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە رێگەی دەروازی سنووریی شەلامچەوە ئەو زیندانیانە لە عێراقەوە بۆ ئێران گوازراونەتەوە.
هاوکات مەحموود عەباسی گوتیشی، نزیکەی 400 سزادراوی ئێرانی لە بەندیخانەکانی عێراقدان، گفتوگۆ بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ ئێران هەیە.
rudaw -