عێراق رۆبۆت هاوردە دەكات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، عێراق لەگەڵ یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ هاوردەكردنی نوێترین ئامێرەكان، لەوانە رۆبۆتی ئاشكراكردنی تەقەمەنی.
لیوای مافپەروەر سەباح حەسەن شبلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند "هەوڵەكانی عێراق بۆ هاوردەكردنی ئامێری نوێ، رۆبۆتی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان دەگرێتەوە، بەو پێیەی هاوكاردەبێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات".
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد "بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی لە پرۆسەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تیشك دەخاتە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆمبێل و خانووە بۆمبڕێژكراوەكان، پارچەی گوماناوی و بۆمب".
لە گەرمەی هێرش و تەقینەوەكانی شاری بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراق، بە ئامانجی ئاشكراكردنی تەقەمەنی لە خاڵەكانی پشكنین، دەسەڵاتدارانی عێراق بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار ئامێرەكانی ئاشكراكردنی تەقەمەنییان لە بەریتانیا هاوردەكرد، بەڵام دواتر دەركەوت ئامێرەكان كارناكەن و ناتوانن رێگری بكەن لە ئاشكراكردنی تەقەمەنی و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان.
دوای ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە ساڵی 2010 بە تۆمەتی گەندەڵی و هەڵخەڵەتاندن ئەو كەسەیان دەستگیركرد كە ئامێرەكەی بەرهەمهێناوە، دواتریش دادگای ئەو وڵاتە سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند.
rudaw -