قەیرانی دارایی عێراق خەریکە کێشەی جیددی بۆ فەرمانبەرانی کرێنشین دروستدەکات

قەیرانی دارایی عێراق خەریکە کێشەی جیددی بۆ فەرمانبەرانی کرێنشین دروستدەکات
لەمیا هادی 22 ساڵە فەرمانبەرە، هێشتا نەیتوانیوە لە کرێچێتی رزگاری ببێت و ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی حکومەتی عێراقی گرتووە، خەریکە کێشەی جیددی بۆ ئەو و هەزاران فەرمانبەری کرێچی دروستدەکات.

لەمیا ھادی، فەرمانبەر لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت "دواکەوتنی مووچە ئەو دوو مانگەی رابردوو و ئێستاش کە دەچینە نێو مانگی سێیەم، تووشی دڵەڕاوکێی کردووم، خاوەن ماڵ دێت لە دەرگا دەدات و دەڵێت کوا کرێیەکەم، یان دەربچۆ، خاوەن مۆلیدە بە ھەمان شێوە داوای پارەکەی دەکات؛ پێم گوتووە چاوەڕێکە، ناشزانم تاوەکو کەی دەبێت چاوەڕێ بکات، من کاری خۆم دەکەم و دێمە دەوام، تۆ بە چ مافێک حەقی من نادەیت؟"

حکومەتی عێراق، بۆ دابینکردنی مووچە، مانگانە پێویستی بە شەش تریلیۆن و 200 ملیار دینارە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە، ئێستا داهاتی مانگانەی نزیکەی چوار تریلیۆن دینارە.

دواکەوتنی مووچە تەنیا کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران نەکردووە، بەڵکو بازاڕ و دووکانداریش نیگەرانن لە دواکەوتنی مووچە و بازاڕیان کزتر بەراورد بە مانگەکانی رابردوو دەردەکەوێت.

بەشی زۆری جووڵەی بازاڕ لەسەر ئەو پارەیە کە لەڕێگەی مووچەی شەش ملیۆن و 500 ھەزار مووچەخۆری عێراقی دەخرێتە ناو بازاڕەکانەوە، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، ئەو بزوێنەرەی بازاڕی ناچار بە دەستپێوەگرتنی پارە کردووە.

ئەحمەد یەحیا دووکاندارە و دەڵێت "بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ وەستاوە و وەکو پێشتر نییە، بێگومان مووچە کاریگەریی لەسەر بازاڕ ھەیە؛ وەکو دەبینی بازاڕ چۆڵە".

دووکاندارێکی دیکە بەناوی عاسم عەبد حوسێن دەڵێت "سەبارەت بە بازاڕ، زۆر خراپە، چونکە مووچە دواکەوت، مانگانە لە 5ی مانگ مووچە دەھات، فەرمانبەر کرێی دەدا و پارەی مۆلیدەی دەدا و بازاڕی دەکرد، بەڵام ئێستا بازاڕ زۆر کزە".

حکومەتی عێراق بە پشتبەستن بە 60 ملیار پارەی یەدەگ، داوا لە پەرلەمان دەکات بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە، بەپەلە مافی وەرگرتنی قەرزی پێبدات، بەڵام پەرلەمان بە لەبەرچاوگرتنی کەڵەکەبوونی نزیکەی 125 ملیار دۆلار قەرز لەسەر دەوڵەت، هێشتا گڵۆپی سەوزی بۆ وەرگرتنی قەرزی نوێ پێنەکردووە.
rudaw -
Top