کازمی: پەڕەی سپی نەخشەڕێگەیەکی روونە بۆ چاکسازیی
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو پەڕە سپییەی کە حکومەت ئامادەی کردووە نەخشەڕێگەیەکی روونە بە ئاراستەی بەدیهێنانی چاکسازیی ئابووری.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی شەممە 2020/10/31 لە کردنەوەی دیداری ئابووری و بازرگانیی نێوان عێراق و میسر بە ئامادەبوونی مستەفا مەدبوولی، سەرۆکوەزیرانی میسر، لە بەغدا رایگەیاند، "ئەو قەیرانەی ئێستا عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، بەهۆی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخەکانی نەوت لە جیهاندا، هانی حکومەتی دا پلان بۆ بەدیهێنانی چاکسازیی ئابووری دابڕێژێت."
مستەفا کازمی ئەوەیشی خستەڕوو، "پلانی چاکسازیی حکومەت هەوڵی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت دەدات بۆ ئەوەی کارا و کاریگەر بێت لە پرۆژەکانی پەرەپێدان و چالاککردنی بازاڕی ناوخۆ، هاوکات ئەو پەڕە سپییەی کە حکومەت ئامادەی کردووە نەخشەڕێگەیەکی روونە بەو ئاراستەیە."
لە پەڕەی سپیدا کە حکومەت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پێشکەشی پەرلەمانی کرد بۆ بەدیهێنانی چاکسازی هاتووە: لە ساڵی 2004 تاوەکو 2020 مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینکراوان لە عێراق 400٪ زیاد بووە. ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیش سێ هێندە زیاد بووە، بۆیە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینکراوان لە 2020ـدا 74٪ی تێکڕای خەرجییەکان دەبات.
هەر لە پەڕەکەدا هاتووە: هەژاری لە عێراقدا گەیشتووەتە 40٪ و چارەسەریش بریتییە لە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی، راگرتنی پڕکردنەوەی کورتهێنانی سندووقی خانەنشینی بە بودجەی گشتی، گونجاندنی نرخی تەزووی کارەبا لەگەڵ نرخی راستەقینەی سووتەمەنی لە جیهاندا و فرۆشتنی بەشێکی سامانی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتیی.
rudaw -