دەوڵەتی یاسا داوای راگرتنی وەبەرهێنانێکی سعودیە لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ شەممە 31-10-2020، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، ئەو پرۆژە وەبەرهێنانەی سعودیە ئاسایش و سەروەری و ئاوی عێراق دەخاتە بەر مەترسییەوە.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2006 -2014) سەرۆکایەتی دەکات، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ئەو پرۆژەیە بووەستێنێت.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێیوایە ئەو پرۆژەیە جێی گومانە و دەرگا بەڕووی داگیرکردنی خاکی عێراق لەژێر ناوی وەبەرهێنان، دەکاتەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا داوای لە عەشیرەت و لایەنە نیشتمانییە عێراقییەکان کردووە ئەو پرۆژەیە رەت بکەنەوە و رێگا بەو وەبەرهێنانەی سعودیە نەدەن.
پرۆژەکە بریتییە لە وەبەرهێنانی کۆمپانیا سعودییەکان لە یەک ملیۆن هێکتار زەوی لە بیابانەکانی ئەنبار، کەربەلا، نەجەف و موسەننا، کە تێیدا چەندین باغ، لەوەڕگا و کێڵگەی ئاژەڵ و پەلەوەر دادەمەزرێ.
باسنيوز