سەرۆکی میلیشیای نوجەبا: هێرشی خوێناوی دەکەینە سەر ئەمریکییەکان
سەرۆکی میلیشیای نوجەبا هەڕەشە لە ئەمریکییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هێرشی خوێناوی دەکەنە سەریان.
ئەکرەم کەعبی، سەرۆکی میلیشیای نوجەبا، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە تارانی پایتەختی ئێران، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو هێرشانەی تا ئێستا کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ”تەنیا یاریی ئاگرینی بوون“.
ئەکرەم کەعبی هەروەها رایگەیاندووە، ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر ”گرووپە سیاسییە عێراقییەکان“ بۆ ئەوەی میلیشیاکان، کە ئەو بە (بەرەی بەرگری ناوی بردووە)، شەڕ دژی ئەمریکا رابگرن.
سەرۆکی میلیشیای نوجەبا هەڕەشەی لە ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، ئەو هێررشانەی لەمەودوا دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ”هێرشی گەورە و خوێناوی دەبن“.
ئەکرەم کەعبی لە پرێس کۆنفرانسەکەیدا، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سازی کرد، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوورن لەسەر تۆڵەکردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و تادەرکردنی دواسەربازی ئەمریکی لە عێراق، شەڕ دژی ئەمریکا دەکەن.
کەعبی هۆشداریی داوەتە ئەمریکا، کە ئەگەر حکوومەتی عێراق مۆڵەتێک بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان دابنێ و ئەمریکا پابەند نەبێت، ئەوا ”هۆکارێکی بەهێزمان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان دەبێت“.
سەرۆکی میلیشیای نوجەبا، کە میلیشیاکەی خراوەتە ناو لیستی ئەمریکی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان، پێیوایە ئەمریکا هۆکاری وێرانبوونی ئابووریی عێراق و دروستکردنی قەیرانی ئابوورییە لەو وڵاتە.
باسنيوز