300 حزب بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی عێراقدا دەکەن
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق پێویستی بە 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلار هەیە و حکومەت داوایکردوە خەرجییەکان بۆ نیوەی ئەو رێژەیە کەمبکرێنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە کە نزیکەی 300 حزب بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا دەکەن.
زیاتر لە پێنج هەزار کارمەندی گرێبەست لەناو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بونی هەیە
حسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار کارمەندی گرێبەست لەناو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بونی هەیە و ئەوان بەدوای دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی بەپەلەدا دەگەڕێن بۆ چارەسەرکردنی پرسی گرێبەستەکان.
230 پارتی سیاسی بەفەرمی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتو تۆمارکردوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا 230 پارتی سیاسی بەفەرمی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتو تۆمارکردوە و زیاتر لە 60 پارتی دیکەش سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانن، بەگشتی چاوەڕێ دەکرێت 300 حزب بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا بەشداری بکەن.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری کردوە
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت کە بڕیارە (6-6-2021) بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلاری کردوە و ئەوان داوایانکردوە ئەو رێژەیە لە خەرجی بۆ نیوە کەمبکرێتەوە و کەموکوڕیش لە یاسای پارتەکان چارەسەربکرێت.
خەندان