دۆخی عێراق هه‌ڕه‌شه له‌ ئۆپیك ده‌كات

دۆخی عێراق هه‌ڕه‌شه له‌ ئۆپیك ده‌كات
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت "دۆخه‌ داڕماوه‌كه‌ی ئابووری عێراق" هه‌ڕه‌شه‌ له‌ رێكخراوی ئۆپیك بكات، كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان، خه‌ڵكی عێراق داوا له‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، عێراق بخرێته‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ له‌ رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ رێكخراوه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خۆی له‌و قه‌یرانه‌ دارایی و ئابوورییه‌ رزگار بكات، ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، له‌ ئه‌گه‌ری پێشێلكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئۆپیك له‌لایه‌ن گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنێكی وه‌ك عێراق له‌ رێكخراوه‌كه‌دا، ئه‌وا گومانی تێدا نییه‌ كه‌ وڵاتانی دیكه‌ی كه‌مبایه‌ختر دێنه‌ پێشه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ی بلۆمبێرگ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، عێراق وه‌ك سێیه‌م گه‌وره‌ هه‌نارده‌كاری نه‌وت له‌ جیهان دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا رووبه‌ڕووی داڕمانێكی ئابووری سه‌خت بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی درووستبوونی قه‌یرانێكی دارایی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق نه‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له‌كاتی خۆیدا دابین بكات، هه‌ربۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆلێك خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاته‌ بگرێته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا به‌رۆكی عێراقی گرتووه‌، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراقیشی خستووه‌ته‌ نێوان هه‌ردوو به‌رداشی داواكاری هاووڵاتیان و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ رێكخراوی ئۆپیك دابووی.

راپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسی به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌مان كاتدا له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێت پابه‌ند بێت به‌و رێكه‌وتنه‌ی ئۆپیك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، به‌مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له‌ نرخه‌كه‌ی له‌ بازاڕه‌كانی وزه‌.

به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئۆپیك، نابێت عێراق پێشێلی رێكه‌وتنه‌كه‌ بكات، هه‌ر كاتێكیش ئه‌وه‌ی كرد، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێت سعوودیه‌ وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی زیاتر بكات و ببێته‌ هۆی زیاتر دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ جیهان.

ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار گواستووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌رێكی به‌هێز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسای عێراقی فشار بخه‌نه‌ سه‌ر سعوودیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری دارایی پێشكه‌شی عێراق بكات، ئه‌گه‌ر بێتو له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی 2021 نرخی نه‌وت هه‌ر له‌خوار 45 دۆلار مایه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و گرتنه‌به‌ری رێكاری ته‌ندروستی و خۆپارێزی له‌ جیهان، خواستی وڵاتان له‌سه‌ر نه‌وت كه‌مبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد نرخی نه‌وت به‌خێراییه‌كی زۆر دابه‌زێت و گه‌یشته‌ خوار 20 دۆلار، به‌ڵام دواتر تا راده‌یه‌ك بازاڕه‌كانی وزه‌ جووڵه‌ی تێكه‌وت و له‌ چه‌ند مانگه‌دا یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌ نێوان 42 بۆ 45 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

له‌كاتێكیشدا عێراق بۆ دابینكردنی بودجه‌ی گشتی وڵات به‌رێژه‌ی 90% پشت به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت، بۆیه‌ داكه‌وتنی نرخی نه‌وت له‌ جیهان بۆ عێراق ده‌بێته‌ گۆڕانكارییه‌كی كاره‌ساتبار. ‌
k24 --
Top