كازمی: هەندێك لایەن دەیانەوێ هەژموون و بەرژەوەندییەكانیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن
كازمی ئەمڕۆ لە میانی وتارێكیدا كە لە ئاهەنگێكدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری موسڵمانان لە بەغدا پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوە دا كە عێراق پێویستی بەوەیە دەست بە بەها باڵاكانی پێغەمبەری ئیسلامەوە بگرێت، تا بتوانێ تەنگژە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەكانی تێپەڕێنێت.
سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق ئەوەشی گوت كە عێراقییەكان پێویستیان بە سەركەوتنێكی گەورەیە لە ڕێگەی ئەم بەها باڵایانەوە، نەك بگەڕێنەوە دواوە بۆ نەزانی و توندوتیژی.
مستەفا كازمی ئاماژەی بە دەستێكی نادیار دا لە عێراق و گوتی هەندێك دەیانەوێ بەرژەوەندییەكانیان و هەژموونی زۆردارانەیان بە بیانوو و ناوی جیاوازەوە بەسەر عێراقییەكاندا بسەپێنن.
بەڵام لە هەمان كاتیشدا گوتی ئەمە ڕوونادات ئەگەر كار لەسەر بنیاتنانی دەوڵەتێكی بەهێز و دادپەروەر بكەن، دەوڵەتێك كە بە هۆی جیاوازی ئاین و تایفە و نەتەوایەتییەوە، جیاوازی لە نێوان ڕۆڵەكانیدا نەكات.
باسنيوز