حکومەتی عێراق: لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دڵنیایی هەیە
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختکراوەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک رازی نابن حکومەت 41 تریلیۆن دینار قەرز بکات. گوتەبێژی حکومەتی عێراقیش لە زاری وەزیری داراییەوە دەڵێت "حکومەت بۆ کێشەی مووچە چارەسەری دیکەی لایە".
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆی سازکرد، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەگەری رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای قەرزەوە کە حکومەت هیوای لەسەر هەڵچنیوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، گوتی، "هەمان پرسیارم لە وەزیری دارایی کرد، بەوەی چی دەکەن ئەگەر پەرلەمان یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پەسند نەکرد؟" وەڵامەکەی وەزیری دارایی ئاشکراکردو گوتی، "وەزیری دارایی پێشبینیی کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی کرد لەلایەن پەرلەمانەوە. منیش پرسیاری ئەوەم لێکرد لەکاتی کەمکردنەوە، یاخود بەشنەکردنی ئەو پارەیە چارەسەر چی دەبێت؟ وەزیری داراییش بە یەک وشە پێیگوتم، 'حکومەت چارەسەری دیکەی لایە و دڵنیایی هەیە لەبارەی مووچەی فەرمانبەران.' "
رۆژی سێشەممە 2020/10/27 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە و گفتوگۆیانکرد لەبارەی پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020. ئەو قەرزەی حکومەت داوای دەکات کە 41 تریلیۆن دینارە، بڕێکی زۆرە. د. ئەحمەد سەفار، بڕیاریدەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە گوت "بەهیچ شێوەیەک لیژنەکەیان و پەرلەمان لەسەری رازی نابێت و دەبێت کەمبکرێتەوە. کاری لە پێشینەی ئەو قەرزەش دەبێت بۆ مووچە، خانەنشینی و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بێت، نەک بابەتی دیکە".
بڕیاریدەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و بڕیاردراوە لیژنەکەیان رۆژی چوارشەممە میوانداریی هەریەک لە بریکاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە، بەڕێوبەری قەرزی گشتی و بەڕێوەبەری ژمێریاریی گشتی لە وەزارەتی دارایی عێراق بکات، بۆ ئەوەی روونکردنەوەی پێویستیان پێبدەن، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لەسەر بڕی ئەو قەرزە بدەن بۆ ئەو چەند مانگەی ماوە.
د. ئەحمەد سەفار، ئاماژەی بەوەشکرد، چەند پێشنیازێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو 41 تریلیۆن دینارە قەرزە، بەشێک داوای 20 تریلیۆن دینار، بەشێکی دیکە 15 و بەشێکی دیکەش داوای پێدانی 10 تریلیۆن دینار دەکەن، بەڵام رەنگە لە کۆتاییدا 15 تریلیۆن دینارەکە پەسندبکرێت، بۆ ئەو چەند مانگەی ماوە.
rudaw -