حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕی موهەندیس دەدات
دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی روونکردنەوە لە بارەی هەڵدانەوەی گۆڕ و گواستنەوەی تەرمی جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دەدات.
کاتژمێر 1ـی ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2020، دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، کە هیچ هەوڵ و نیازێک بۆ گواستنەوەی تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری کوژراوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نییە.
ئەو بەیاننامەیەی دەستەی حەشدی شەعبی دوای ئەوە هاتووە، کە بەشێک لە عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە کرد بوو، کە تەرمی ئەبو مەهدی موهەندیس لە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف، دەگوازرێتەوە بۆ تەنیشت مەزاری ئیمام عەلی، ئیمامی یەکەمی مسوڵمانە شیعەمەزهەبەکان لە هەمان شار.
هەر لە بەیاننامەکەدا، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، ئەبو مەهدی موهەندیس وەسیەتی کردبوو، کە گۆڕەکەی سادە بێت و لەگەڵ گۆڕی ”شەهیدان“ی دیکە جیاوازی نەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز