خۆپیشاندان لە شارەكانی عێراق بەردەوامە و چەند كەسێك بە گولەی هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون
شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییە عێراقییەكان، لە شەقامی ڕەشید لە بەغدا، بە گولەی ڕاستەوخۆ چەند خۆپیشاندەرێكیان بریندار كرد، ئەوەش بە مەبەستی دابڕان و دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران بوو لە پردی سەنكی ئەو شەقامە.
بە پێی گوتەی خۆپیشاندەر و ناڕازییەكان، شەوی رابردوو هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و ناوچەكانی دەوروبەری، رۆژیان كردووەتەوە.
هەروەها لە كەربەلاش خۆپیشاندان بەڕێوە چوو، خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵاخانەی حكوومەتی خۆجێی پارێزگاكە تایەی ئۆتۆمبێلیان سووتاند و هێزە ئەمنییەكانیش بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوەیان پێ كردن، بەڵام خۆپیشاندان هێشتا لە كەربەلا بەردەوامە.
لەلایەكی دیكەوە، هێزە عێراقییەكان لە شاری حللەی ناوەندی پارێزگای بابل، ویستیان بە زەبری هێز، بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن و بۆ ئەو مەبەستە گازی فرمێسكڕێژیان بەكار هێنا.
باسنیوز