خۆپێشاندەرێکی عێراقی چاوێکی لەدەستداوە و دەڵێت، چاوی لە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات

خۆپێشاندەرێکی عێراقی چاوێکی لەدەستداوە و دەڵێت، چاوی لە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات
بەهۆی گازی فرمێسکڕێژی ھێزە ئەمنییەکان، محەممەدی تەمەن 25 ساڵ چاوێكی لەدەستداوە لە 26ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019 کاتێک لەگەڵ سەدان کەسی دیکە لە گۆڕەپانی تەحریر ھوتافی دژە گەندەڵی و داوای چاکسازییان دەکرد، ھێزە ئەمنییەکان بە گولـلە و گازی فرمێسکڕێژ بەربوونە گیانی خۆپێشاندەران و محەممەدیان گەیاندە ئەم رۆژگارە.

ئێستا محەممەد چاوێکی ھیچ ئومێدی چاکبوونەوەی نییە و چاوەکەی دیکەشی تەنها لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەری ھەیە، بەڵام بەهۆی ھەژارییەوە ئەو چاوەشی خەریکە ئومێدی بینینی نامێنێت؛ بەو دۆخەیشیەوە جارێکی دیکە چووەتەوە بۆ بەشداری لە خۆپێشاندانەکان.

محەمەد حەسەن، برینداربووی گۆڕەپانی تەحریر دەڵێت "داوا لە ھەموو کەسێکی خێرخواز دەکەم، ھەروەھا داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم داوا، لە بەڕێز نەبیل و ھەموو کەسێک لە دەوڵەت و دەرەوە و ناوەوەی عێراق دەکەم یارمەتیم بدەن، برایەکم لە ماڵ کاردەکات، ئەگەر کار ھەبێت نان دەخۆین، ئەگەر کاری دەستنەکەوێت نانیش نییە بیخۆین".

دوای ساڵێک لە بێدەنگیی گۆڕەپانی تەحریر، دیسانەوە خۆپێشاندەران هاتنەوە سەر شەقامەکان؛ خۆپێشاندەران هوتاف بۆ ئازادکردنی گیراوەکان دەکێشن، لە ساڵیادی خۆپێشاندانەکان جگە لە هەمان داواکارییەکانی پێشوویان، دروشمی گەورەی خۆپێشاندەران ئازادکردنی ئەو خۆپێشاندەر و چالاکڤانانەیە کە ھێشتا لە بەندیخانەن.

خۆپێشاندەرێک بەناوی محەممەد روبەیعی دەڵێت "داوادەکەین لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە بکوژانی خۆپێشاندەران بکرێت نەک لێکۆڵینەوەی دەوڵەت کە متمانەمان پێی نییە". خۆپێشاندەرێکی دیکەش بەناوی هێلین ریاز دەڵێت، جگە لە یاسای هەڵبژاردن نەبێت هیچ داواکارییەکیان جێبەجێ نەکراوە.

حاجی سالم سەید خانەنشینە و دەڵێت "شەر، برسێتی و تینوێتیمان زۆر بینی، بەڵام وەکو ئەم بێ رەوشتانەمان نەبینیوە ھیچکات".

لە 25ی تشرینی یەکەمی 2019 خۆپێشاندان لە بەغدا دەستیپێکرد، دواتر زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی گرتەوە. بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، لەمیانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپێشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان نزیکەی 700 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 ھەزاریش برینداربوون، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن لەسەر کوژران و بریندارکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ ئەنجامە.

rudaw -
Top