كازمی راگەیەندراوێكی ئاراستەی هێزە ئاسایشییەكانی وڵاتەكەی كرد
میدیاكانی عێراق لە زاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەیان گواستەوە، كە دەبێ هێزە ئاسایشییەكان بە شێوەیەكی پیشەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكەن.
كازمی لە میانی سەردانیكردنی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغدا، دووپاتی لەسەر بڕیارەكانی ڕابردووی كردەوە بۆ هەڵسوكەوتكردنی پیشەییانە و پابەندبوون بە ڕێنمایی دیاریكراو لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەراندا.
لای خۆیەوە لیوا یەحیا رەسول گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند كە ئەمڕۆ چەند كەسێك لەناو خۆپیشاندەرانەوە نارنجۆكی هەڵداوەتە ناو ڕیزەكانی هێزە ئاسایشییەكان و لە ئەنجامیشدا دوو ئەفسەر و 30 سەربازی تیمی دووەمی هێزی فریاكەوتن بریندار بوون.
ئەمڕۆ لە یەكەم ساڵیادی خۆپیشاندانە بەرفرەوانەكەی ساڵی رابردووی عێراقدا، لە چەندین شاری ناوەڕاست و باشووری وڵاتەكە خۆپیشاندانی بەرفرەوان دەستی پێكردەوە.
باسنيوز