مەترسی هەیە زەیتی بەسەرچوو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێ
عەبدولئەمیر مەیاحی، بڕیاردەری لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: "ترسی دووبارە بەکارهێنان و دابەشکردنەوەى 30 هەزار تۆن زەیت هەیە، ئەوبڕە زەیتە لەلایەن حکوومەتەوە لەکاتی خۆی (ساڵی 2009) بە زیاتر لە 66 ملیار دینار کڕدراوە، بەڵام بەهۆی ململانێی حزبی، ڕکابەرایەتی وەزیرەکانی بازرگانی و گۆمانی بوونی گەندەڵی لەو سەودایەدا، بە بڕیاری دادگە ئەو بڕە زیتە لە عەمبارەکانی وەزارەتی بازرگانی مایەوە و ماوەی بەسەرچووە."
ئەندامەکەی لیژنەی نەزاهە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو، "ئێستا ئەو بڕە زەیتە لە لایەن وەزارەتی پیشەسازییەوە بەبڕی سێ ملیار دینار کڕدراوە، كە 100 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك دەكا، ئەوەش بە مەبەستی بە کارهێنانی لەبوارێکی دیکەدا".
مەیاحی ، ترسی خۆی نیشاندا ئەو زەیتە لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراک دابەشی سەر هاووڵاتییان بکرێ، دەشڵێت: "ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە ئەو بڕە زەیتە ماوە بەسەرچووە دەستکاری بکرێت و ماوەی بەسەرچوونەکەی ساختە بکەن و جارێکی دیکە لە بازاڕدا بفرۆشرێتەوە، یان دابەشی بکەنەوە بە سەر هاووڵاتیاندا بە تایبەتی لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشكردنی خۆراکدا".
باسنيوز