عێراق هاوردەکردنی هەنار، شووتی، کاڵەک و پرتەقاڵ قەدەخە دەکات
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 24-10-2020 ، رایگەیاند: "لە 22ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا هاوردەکردنی هەنارمان لە دەرەوەی عێراق قەدەخەکرد، چونکە هەناری خۆماڵی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بووە، بە جۆرێک کیلۆی بە 500 دینار دەفرۆشرێ".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، گوتیشی: "وەزارەتی کشتوکاڵ تائێستا هاوردەکردنی 22 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخەکردووە. سبەی یەکشەممەش هاوردەکردنی شووتی و کاڵەک قەدەخە دەکەین و لە رۆژانی داهاتووشدا هاوردەکردنی پرتەقاڵ قەدەخە دەکەین، چونکە شووتی، کاڵەک و پرتەقاڵی خۆمان زۆرە. بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
حەمید نایف ئاشکراشیکرد، دیدێک هەیە لای حکومەت بۆ رەوانەکردنی هێزی دژە تیرۆر بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، چونکە تاوەکو ئێستا دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی کۆنترۆڵنەکراون، بۆیە بڕیارەکانی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی بەتەواوەتی جێبەجێناکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش دا "بڕیارەکانی وەزارەت سەبارەت بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگاکان و وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەردەکرێن".
لە لایەن خۆیەوە حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "ساڵانە 25-30 هەزار تۆن هەناری خۆمان دەهێندرێتە عەلوەکان. هەناری زیاتر لە پێدوایستی ناوخۆمان هەیە و بەهۆی ئەوەوە نرخی دادەبەزێت و بەشێکی هەناردەی شارەکانی عێراقیش دەکرێت".
rudaw -