پەرلەمانی عێراق بازنەکانی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای جگە لە کەرکووک و موسڵ پەسندکرد
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمانی عێراق لەسەر دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لە 16 پارێزگا رێککەوتووین جگە لە کەرکووک و موسڵ و چاوەڕوانین ئەمڕۆ پەرلەمان پەسەندی بکات.
ئارام بالەتەیی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، راگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی نێو پەرلەمانی عێراق رێککەوتووین رۆژی دووشەممەی داهاتوو دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا لە پەرلەمان یەکلاییبکرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێ.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکراشی کرد: "هەرچەندە چەند فراکسیۆنێکی کوردستانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانیان بایکۆت کرد، بەڵام فراکسیۆنی پارتی و بەشێکی زۆری فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا ماون و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە رێککەوتین دابەشکردنی بازنەکان لە هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی کورسی کۆتای ئافرەتان بێ، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەر دوو ناوچە لە یەک بازنەدا کۆبکرێنەوە دەبێ هاوسنووربن".
پەرلەمانی عێراق پێشتر پێشنیازی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی کۆتای ئافرەتان لەو پارێزگایانە پەسەندکرد، بەو شێوەیە عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێ، کە بازنەیەکیان بۆ کریستیانەکانە و لە ئاستی هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانەوە.
ناکۆکی لایەنەکان لەسەر شێوازی دیاریکردنی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانە، کە بڕیارە لە 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەبچێ، چونکە هەندێک جار وا پێویست دەکات، لە یەک بازنەدا چەند ناوچەیەک پێکەوەبن.
پەرلەمانی دانیشتی داهاتووی خستە رۆژی دووشەممەی داهاتوو. ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ماددەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، پەرلەمانتارێکی کورد لە گرووپی 15 پەرلەمانتارەکەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نازانرێت ئاراستەکە بەرەوکوێ دەڕوات، زۆربەی پەرلەمانتارانی گرووپی 15 دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان بەجێهێشت.
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان راگەیاند، لە کۆتایی دانیشتنەکەی پەرلەماندا دانیشتنی پەرلەمانمان بەجێهێشت. "پێمانوانییە بە شێوەیەکی بابەتی بازنەکان رێکبخرێن. بەهۆی ئەوەی دڵنیا نین ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بۆیە نامانەوێت ببینە بەشێک لەو پرۆسەیە و هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانمان بەجێهێشت."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، "ئەوەی دەگوزەرێت هەلومەرجێکی هەستیار و ناتەندروستە. بەهەڕەشەی ئەوەی خۆپێشاندەران بەیانی دێنە ناوپەرلەمان و بەو جۆرە قسانە یاسا تێناپەڕێندرێت، بەڵکو دەبێت لە کەشێکی ئارامدا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت و بەرچاومان روون بێت کە ئاراستەکان بەرەو کوێن."
د. موسەننا ئەمین گوتی، لەگەڵ ئەوەدا بووین هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت و بازنەی بچووک دروستنەکریت.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى بەجیا لە پەرلەمانى عێراق کاردەکەن، بەرەى سێیەم لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لەلایەن 15 پەرلەمانتارى شەش لایەنى جیاوازی کوردییەوە پێکهێندراوە.
گرووپی 15 پێکهاتووە لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هەرسێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاییندە و پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتارەکەی پێشووی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کرد.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە راگەیاند: "پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی کرد بێ دەستکاریکردنی پرۆژە یاساکە، چونکە لە خوێندنەوەی یەکەمدا دەستکاری پرۆژە یاسا ناکرێ".
پەرلەمانی عێراق پێشتر پێشنیازی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی کۆتای ئافرەتان لەو پارێزگایانە پەسەندکرد، بەو جۆرە عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشدەکرێ، کە بازنەیەکیان بۆ کریستیانەکانە و لە ئاستی هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانەوە.
ناکۆکی لایەنەکان لەسەر شێوازی دیاریکردنی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانە، کە بڕیارە لە 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەبچێت، چونکە هەندێک جار وا پێویست دەکات، لە یەک بازنەدا چەند ناوچەیەک پێکەوەبن، بۆیە چەند پێشنیازێک هەن بۆ دیاریکردنی بازنەکان لەسەر بنەمای سنووری ئیداری یان بەپێی تۆماری دەنگدەران.
پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020 بۆ 4 مانگی کۆتایی ساڵی 2020 ئامادەکراوە، لە پرۆژە یاساکەدا 57 تریلیۆن و 811 ملیار دینار بۆ خەرجی گشتیی دیاریکراوە، پرۆژەکە 41 تریلیۆن و 629 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، تێیدا پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی خەرجی فیعلی دیاری دەکرێ.
هەر بەپێی پرۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020، داهاتی ئەو چوار مانگە بە 19.7 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، نرخی نەوت بە 40.51 دۆلار خەمڵێندراوە، هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو 3 ملیۆن و 33 هەزار و 273 بەرمیل نەوتە، کە 2.5 ملیۆن بەرمیلی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێ.
rudaw -