ناتۆ لە عێراق پەرە بە ئەرکە سەربازییەکانی دەدات

ناتۆ لە عێراق پەرە بە ئەرکە سەربازییەکانی دەدات
وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ رێککەوتن کە راهێنانکردن بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن راهێنەرە سەربازییەکانی ناتۆوە زیادبکرێت.

ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەو بارەوە قسەی کرد.

ستۆڵتنبێرگ گوتی، هێشتا بارودۆخی ئەمنیی عێراق ئاستەنگی هەیە و لەسەر ئەو بنچینەیەش ناتۆ پابەندە بە زیادکردنی پاڵپشتییەکانی بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە.

سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان لەم هەنگاوە بریتییە لە پەرەدان بە توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پشت بە خۆیان ببەستن، رێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرن و سەقامگیریی وڵات بپارێزن.

یانس ستۆڵتنبێرگ ئەوەی خستەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی بەرگری داوایان لە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکانیان کردووە لە عێراق پەرە بە ئەرکەکانیان بدەن.

سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوەش کرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە زیادبوونی هێرشەکان دژی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق کردووە و بە مایەی نیگەرانی ناوی بردن.
rudaw -
Top