گەورە کۆمپانیایەکی رووسیی بواری نەوت چاوی لەوەیە وەبەرهێنان لە عێراقدا زیادبکات

گەورە کۆمپانیایەکی رووسیی بواری نەوت چاوی لەوەیە وەبەرهێنان لە عێراقدا زیادبکات
کۆمپانیای لووکئۆیڵی رووسی کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو کۆمپانیا رووسیەکاندا ئامادەیی خۆی دەربڕی کە هەر کاتێک رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە کۆتاییهات، وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراقدا زیادبکات.

ئیگۆر زوبارێڤ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای لووکئۆیڵ بە ئاژانسی بلوومبێرگی رایگەیاندووە، کۆمپانیاکەی بە پەرۆشەوە لە کەرتی نەوتی عێراق دەڕوانێت و دەیەوێت وەبەرهێنان لەو کەرتە زیادبکات.

بە گوێرەی رێککەوتنی وڵاتانی رێکخراوی هەناردەکارانی نەوت و هاوپەیمانەکانی کە لە 15ی نیسانی ئەمساڵ واژۆکرا، عێراق ناچارکرا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بۆ 3.6٪ دابەزێنێت، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی تەواو بە رێککەوتنەکەوە، دەبێت لە مانگی ئاب، ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا قەرەبووی کەمنەکردنەوەی بەرهەمهێنان بکاتەوە.

بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە عێراق داوای لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کرد کە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان دابەزێنن. ئێکسۆن مۆبیل، بریتش پێترۆڵیۆم و لووکئۆیڵ لەنێو ئەو کۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتییانەدا بوون کە داوایان لێکرا دەست بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن.

تائێستا عێراق نەیتوانیوە تەواو پابەندی رێککەوتنە بێت. هاوکات داڕمانی نرخی نەوتیش بودجەی ئەو وڵاتەی زۆر کەمکردووەتەوە کە زیاتر لە 93٪ـی لە داهاتی نەوتەوە بەدەستدێت.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی نەوتدا رۆژی سێشەممە 2020/10/20 رایگەیاند، "بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەوە حکومەتی عێراق تەواوکردنی چەندین پرۆژەی دواخستووە."

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەش کرد پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوودا بەرزببێتەوە و زیاتر سەرنجراکراکێش بێت بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراقدا، ئەوەش وادەکات بۆ پێنج تاوەکو شەش ساڵی دیکە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

کۆمپانیای لووکئۆیڵ کە لە کێڵگەی قوڕنە-2ی رۆژئاوا لە پارێزگای بەسرە وەبەرهێنان دەکات، پلانی هەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بەرزبکاتەوە. لە ساڵی 2019دا لە کێڵگەی قوڕنە-2ی رۆژئاوا بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و لووکئۆیڵیش وەک قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کێڵگەکە دەستی بە هەڵکەندنی بیری نوێی نەوت کرد.

بڕیاربوو لە ساڵی 2020ـدا ئەو کۆمپانیا رووسییە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بگەیێنێتە 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و دواتر رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، کۆمپانیای لووکئۆیڵ بەرهەمهێنانی نەوتی لەو کێڵگەیە بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزاند.

ئیگۆر زوبارێڤ لە ئیمەیڵێکدا کە بۆ ئاژانسی بلوومبێرگی ناردووە دەڵێت، "ئەو بارودۆخەی ئێستا فشارمان لێدەکات بە پلانەکانماندا بچینەوە بۆ ئەوەی بزانین تا چەند بەرپرسانی عێراق وەڵامی پێویستییەکانی ئێستا دەدەنەوە."

بە گوتەی زوبارێڤ، لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمپانیاکەی داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات وەبەرهێنان لە کێڵگەیەکی دیکەی باشووری عێراقدا بکات کە بە بلۆکی 10 ناسراوە.
rudaw -
Top