رایتس وۆچ: ژیانی رۆژنامەنووسان لە عێراق لە مەترسی دایە

رایتس وۆچ: ژیانی رۆژنامەنووسان لە عێراق لە مەترسی دایە


رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایدەگەیەنێت، ژیانی رۆژنامەنووسان لە عێراق لە مەترسی دایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2020، رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا، ئاماژەی بە هەڕەشەی بەردەوام لە رۆژنامەنووسانی کەناڵی (دیجلە)ی عێراقی کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سێ رۆژنامەنووسی کەناڵەکە بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە، کە سەرەڕای دەست لەکار کێشانەوەیان لە کەناڵی دیجلە بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارییەکانەوە، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و هەڕەشەیان لێدەکرێت.

هەروەک رۆژنامەنووسەکان رایانگەیاندووە، بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارییەکانەوە بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

شەوی دووشەممە 31-8-2020، ژمارەیەک کەسی توندڕەو کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (دیجلە)یان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا سووتاند و هەڕەشەی کوشتنیان لە رۆژنامەنووسەکانی کرد.

ئەو گرووپە چەکدارییانە، کە عەرەبی شیعە بوون، کەناڵەکەیان بە سووکایەتیکردن بە هەستی شیعەکان، کە لە یادی عاشورادا گۆرانی پەخش کردووە، تۆمەتبار کرد.







باسنيوز
Top