دەوڵەتی یاسا روونکردنەوە لەبارەی خۆهەڵنەبژاردنەوەی مالیکی دەدات
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا روونکردنەوە لەبارەی خۆهەڵنەبژاردنەوەی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، دەدات.
ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی دەوڵەتی یاساوە، روونکردنەوەی لەبارەی دەنگۆی خۆهەڵنەبژاردنەوەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە، داوە.
رۆژی سێشەممە 20-10-2020 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند میدیایەکی عێراقی دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە، کە نوری مالیکی بە نیاز نییە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە بڕیارە لە 6-6-2021 بەڕێوە بچێت، کە خۆی هەڵبژێرێتەوە.
سەرچاوەکەی دەوڵەتی یاسا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، مالیکی خۆی هەڵدەبژێرێتەوە و سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکاتەوە.
نوری مالیکی یەکێکە لە سیاسەتمەدار و سەرکردە باڵاکانی عێراق و دوو خول لەسەر یەک لە (2006- 2014)، سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراقی کردووە.
باسنيوز