کازمی گەیشتە بەریتانیا
ئێوارەی سێشەممە 2020/10/20 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای بەجێهیشت بەرەو بەریتانیا کەوتەڕێ.
شەوی رابردوو مستەفا کازمی لە پاریسی پایتەختی فەرەنساوە گەیشتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا. رۆژی سێشەممەش لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و گەورە بەرپرسان و ژمارەیەک خاوەن کۆمپانیا ئەڵمانیا کۆبووەوە.
چەند رۆژێکە شاندێکی حکومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەوروپایە. د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی کازمی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن و ئەنگێلا مێرکڵ باسی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شنگال کراوە و هەم فەرەنسا و هەم ئەڵمانیاش بە گرنگییەوە باسی ئەو رێککەوتنەیان کردووە.
مستەفا کازمی رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە بەرلین رایگەیاند، "لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ خوازیاری بەردەوامیی هاوئاهەنگین لە بواری ئەمنی، سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەتایبەت بۆ مەشقپێکردن و بەتواناکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوە دا، "دەستمان بە بەرنامەیەک کردووە بۆ چاکسازی و پەیکەربەندکردن و نوێکردنەوەی هەردوو سیستمی ئابووری و دارایی لە عێراق. ناویشمان ناوە پەڕەی سپی. ئەو پەڕە پێشبینیی زۆری لێدەکرێت بۆ دووبارە هەڵسەنگاندن و بونیاتنانی ئابووریی عێراق. چاوەڕوانی پاڵپشتیی ئەڵمانیاین لەو بوارەدا، چونکە ئەڵمانیا خاوەنی ئەزموونە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، "ئەڵمانیا وڵاتێکی گەورە و گرنگە بۆ عێراق، بۆیە داوای هاوئاهەنگیی لێدەکەین، رێککەوتنی بازرگانی و ئابووریی زۆر هەن لەنێوان عێراق و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان. نزیکین لە راگەیاندنی قۆناخی دووەمی ئەو نەخشەڕێیەی کە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان جێبەجێی دەکەن، لە بواری پێگەیاندنی کەرتی کارەبا و ژێرخان، بەتایبەت قۆناخی دووەمی گرێبەستی کۆمپانیای سیمێنس بۆ پێشخستنی کارەبا لە عێراق."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "چاوەڕوانی پاڵپشتی دارایین لە بواری چەسپاندنی دامەزراوە دیموکراسییەکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد."
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای کابینەکەی گەشتێکی چوار رۆژەی بۆ فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دەستپێکردووە. ئامانجی گەشتەکەی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی و ئەمنی و سیاسییە بۆ دەربازکردنی عێراق لە قەیرانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
RUDAW -