کازمی: خوازیارین ئەڵمانیا پاڵپشتیی عێراق بکات

کازمی: خوازیارین ئەڵمانیا پاڵپشتیی عێراق بکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری لە دووەم وێستگەی سەردانیاندا لە ئەوروپا گەیشتنە ئەڵمانیا و لە کۆشکی کانزلەئامت میوانی راوێژکاری ئەو وڵاتە بوون.

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، راگەیاند، "لە راستیدا هەم ماکرۆن هەم مێرکل زۆر بە گرنگییەوە باسی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانیان لەبارەی شنگالەوە کرد. دیارە شنگال بووەتە هێمایەک و گرنگییەکەی روونە. هەردوو لایش دەستخۆشییان لە سەرۆکوەزیران کرد و ئەوانیش پشتگیریی ئەو پرسە دەکەن."

گەشتە ئەوروپییەکەی کازمی لە کاتێکدایە کە قەیرانی دارایی خەریکە عێراق بەرەو قەیرانێکی نوێی سیاسییش پەلکێش دەکات. هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و وڵاتانی هاوپەیمانی دڵەڕاوکێیەکی دیکەیە کە کازمی هیوادارە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لەو دۆخەدا یارمەتیدەری بن.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "باسی ئەوە کرا ئەگەر ئەمریکا لە عێراق بکێشتەوە کاریگەریی چی دەبێت. لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیان باسکرا، بەڵام هیوادارین کە جێبەجێ نەکرێت و ئەوروپییەکانیش هیوادارن ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت."

چوونە ناو لیستی تیرۆری هەندێک لە باڵەکانی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە مانەوەی بانکەکانی عێراق لە لیستی رەشی یەکێتیی ئەوروپا، کێشەیەکی جیددیی بەردەم کازمییە.

مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق راگەیاند، "ئامانجی بانکی ناوەندی هەوڵدانە بۆ ئەوەی عێراق لە لیستی قەدەخەی مامەڵەکردنی ئەوروپی دەربهێنین. هاوڕێکانمان لە بانکی ناوەندیی فەرەنسی بەڵێنیان داوە لەو بارەوە هاوکاریمان بکەن."

بڕیارە شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی کازمی رۆژی چوارشەممە 2020/10/21 لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆببنەوە. پاشان هاوشێوەی ئەڵمانیا لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتەش کۆدەبنەوە. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبێت.
RUDAW -
Top