رێبوار هادی: یاسای دادگای فیدراڵی یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن لە عێراق
رێبوار هادی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمان، رایگەیاند، پرۆژەیاساکە خوێندنهوهی یهكهم و دووهمی بۆ كراوه، بەڵام ناکۆکیی زۆری لەسەرە.
رێبوار هادی هەروەها رایگەیاند، ”لەو باوهرەدا نیم“ پرۆژەیاساکە جارێ تێپهرێت لهپهرلهمان، چونکە هێشتا ناکۆکییەکان لەسەری یەکلا نەبوونەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، کە تا یاسای دادگای فیدراڵی دەرنەچێت و دامەزراوەی دادگاکە کارا نەبێت، ناتوانرێ ئەنجامی هەلبژاردن پەسەند بکرێت، بۆیە ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە.
پێشتر و بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە رۆژی 6-6-2021، دا.
هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، جگە لە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 20 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
باسنیوز