کۆبونەوەی کازمی و سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا دەستیپێکرد

 کۆبونەوەی کازمی و سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا دەستیپێکرد
خەندان-

کۆبونەوەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژان کاستێکس، سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا لە پاریس دەستیپێکرد.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کۆبونەوەی مستەفا کازمی و ژان کاستێکس، هاوتا فڕەنسییەکە دەستیپێکردوە و لە ئێستا لە کۆبونەوەدان.

هیشام داود، راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاندوە، لەسەردانەکەی کازمیدا هەریەکە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی، وەزیری دارایی و چەندین گەورە بازرگانی دیاری عێراق یاوەری سەردانەکەی مستەفا کازمی دەکەن بۆ ئەوروپا بەمەبەستی باوەڕپێهێنان بەو وڵاتانە کە عێراق لەسەر ئاڕاستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت کە ئاڕاستەی گەشەکردن و بوژانەوەی ئابورییە، بەوەش بەشێکی سەرەکی سەردانەکە پرسی ئابوری دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق بۆ ساڵانێکی زۆر گەمارۆی بەهۆکاری سیاسی و سەربازی لەسەر بوە و لەئێستادا وڵات لەجێگەی بونی مەترسی، بوەتە هۆکارێکی ئەرێنی و بێلایەن لەهاوکێشەکانی ناوچەکەدا، ئەوەش وایکردوە حکومەتی ئێستای عێراق لە پاڵ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی، هەنگاوی فراوان بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئابوری و وەبەرهێنان لەگەل چەندین وڵاتی جیهان دروست بکات و پرسی ژێرخانی وڵات، کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی لەو تەوەرانەن کەلەپاڵ سەردانە سیاسییەکاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەسەردانەی کازمیدا بۆ فڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا و پەیوەست بە پرسی ئابوری دروستکردنی میترۆی بەغدا، دروستکردنی فڕۆکەخانە لە چەند پارێزگایەک و پرسی ژێرخانی وڵات، کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازی تاوتوێ دەکرێن، بەڵام پرسی سود وەرگرتن لە وزەی ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی تائێستا بەجدی باسنەکراوە و ئەو بابەتەش وردەکاری زیاتری پێویست دەبێت.




باسنیوز
Top