کازمی و بەرپرسانی فەرەنسا تاوتوێی پێنج بابەت دەکەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا، تاوتوێی پێنج بابەت دەکات.
شەوی یەکشەممە 18-10-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی، گەیشتە فەرەنسا و بڕیارە دواتریش سەردانی وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا بکات.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، مستەفا کازمی ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2020، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا کۆ ببێتەوە و تاوتوێی پێنج تەوەر بکەن، کە بریتین لە؛
- دەرهێنانی ناوی عێراق لە لیستی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتانەی لە ئاستێکی باڵای مەترسی دان.
- پەیوەندییەکانی بەغدا و پاریس
- هەماهەنگیی ئابووری
- رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
- شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش
پێشتر باڵوێزخانەی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، کە رۆژی سێشەممە 20-10-2020، مستەفا کازمی لەگەڵ ئەنجێڵا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پەیوەندییەکانی بەغدا و بەرلین و هەماهەنگیی ئابووریی عێراق و ئەڵمانیا دەکات، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
باسنیوز