لە بەغدا 20 کەس لە هێرشکەرانی سەر بارەگای پارتی دەستگیرکراون

لە بەغدا 20 کەس لە هێرشکەرانی سەر بارەگای پارتی دەستگیرکراون
ھێشتا، بەردەم لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھێزە ئەمنییەکان تەنراوە، وەک ھێزە ئەمنییەکان دەڵێن، لە ترسی ھێرشکردنەوە و دووبارە سووتاندنەوەی.

ژمارەی دەستگیرکراوانی ھێرشەکەی سەر لقی پێنجی پارتی لە بەغدا گەیشتنە 20 کەس و لیژنەیەک کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەرۆکایەتیی دەکەن بڕیاریان داوە لە ماوەی کەمتر لە ھەفتەیەکدا بکەرانی ئەو ھێرشە دەستگیر بکەن و رووبەرووی دادگایان بکەنەوە؛ ئەم بەڵێنەیان بە بەرپرسانی کوردیش داوە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند، "بۆ ئەو بابەتە لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی پێکھێنراوە و بڕیارە لە سێ بۆ چوار رۆژێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەکەوە رەوانەی مستەفا کازمی، وەک فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، بکرێت. پاشان ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت. ئەو کات وەک حکومەت و پارتی دیموکراتیش وەک لایەنێکی زەرەمەندە بۆچوونیان دەبێت."

ھێشتا لایەنگران و ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی سوورن لەسەر ئەوەی کە ھەرکەسێک بە ھەر جۆرێک قسە بەرامبەر دەستەکەیان بکات لێخۆشبوونی نییە. بۆ ئەوەش پەرلەمانتارانیان داوای بانگھێشتکردنی مستەفا کازمییان بۆ پەرلەمان کردووە. لەسەر ئاستی شەقام و لەنێو خەڵکە ئاساییەکەدا ھێرشکردنە سەر بارەگای حزبێکی کوردی و سووتاندنی ئاڵای کوردستان لەنێو جەرگەی بەغدا رەتکراوەیە و ئەوە بە ھەوڵی چاندنی تۆوی دووبەرەکی دەبینن.

موحسین عەباس، مامۆستایەکی دانیشتووی بەغدایە و دەڵیت، "سووتاندنی بارەگا و ئەو جۆرە کارانە وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر. ئەو جۆرە دەستدرێژییانە ئێمە پێمان قبووڵ نیین. بەسە ئیتر، گەل ماندوو بوو. بە راستی لەو جۆرە کارانەدا بگەڕێوە بۆ یاسا و لایەنی پەیوەندیدار و مافی خۆت بەشێوەیەکی دیپلۆماسی وەربگرە، بەڵام بەمشێوەیە دروست نییە و لای خەڵک رەتکراوەیە."

محەممەد ئەمیر،لە بەغدا فەرمانبەرە و دەڵێت، "ئەو کارە رەتکراوەیە و حاڵەتێکی شارستانی نییە. ئەگەر تۆ سکاڵایەکت ھەیە، دەتوانیت بە سیاسەت یان لە دادگا داوای بکەیت، بەڵام بەمشێوەیە کە روویدا کارێکی ناشارستانییە."

ئەحمەد کازم، شۆفێرە و دەڵێت، "کاری سووتاندن و ھێرشکردنە سەر بارەگایەکی کوردستانی عێراق بە ھیچ شێوەیەک شارستانی نییە. پێوستە بگەڕێنەوە بۆ یاسا و دادگاکان. ئەگەر بەمشێوەیە کاری سووتاندن و تێکدەرانە بکرێت و ھێزی خۆیان بەو شێوەیە دەربخەن، دەوڵەتانی دنیا بە چاوێکی دیکە سەیرمان دەکەن."

رەبحوڵڵا ئەو گرووپەن کە ناوەناوە وەک لایەنگر و ئەندامی حەشدی شەعبی لە شەقامەکانی بەغدا دەردەکەون. تائێستا بە ناوی ئەوەی دژی پیرۆزییەکانیانن، چەندین جار ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگا و کەناڵ و دووکانی مەیفرۆشتن و سووتاندوویانن.
Top